بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، دوێنێ لە تاران لەگەڵ حەسەن دانایی فەر، بەرپرسی ستادی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق کۆبووەوە و ستراتیژییەکانی فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی ئەو پارێزگایە لەگەڵ عێراق تاوتوێ کرد.


لە کۆبوونەوەکەدا کە کەیوان کاشفی، سکرتێری ژووری بازرگانی ئێران و حەسەن ڕۆستەمزاد بریکاری ڕێکخەری کاروباری ئابووریی پارێزگای کرماشان ئامادەی بوون، پێداچوونەوە بە دوایین دۆخی جێبەجێکردنی ڕەزامەندییەکانی سەردانەکەی ئەم دواییەی حەسەن دانەیی فەر و یەحیا ئال ئێسحاق، بەرپرسی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق بۆ کرماشان، کرا.

ئاسانکاری پەیوەندییە بازرگانییەکان، لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم چالاکییە بازرگانییەکان، بەهێزکردنی ژێرخانی سنوور و گواستنەوە، پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و کەڵک وەرگرتن لە توانا هاوبەشەکانی ئێران و عێراق لە گرینگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.

بەدواداچوون بۆ بەفەرمیکردنی سنووری شۆشمی و شێخ سڵە

یەکێک لەو بابەتانەی کە هاتە ئاراوە، بە فەرمی کردنی سنووری شۆشمی و شێخ سڵە بوو.

لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە، وەزارەتی دەرەوە، ئەرکی بەدواداچوونی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ بە فەرمیکردنی ئەو سنوورانە لە ڕێگەی ڕاوێژکاری لەگەڵ لایەنی عێراقی، پێ سپێردراوە.

هەروەها به سەرنجدان بەقەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی نێوان کرماشان و پارێزگای دیالەی عێراق، جەخت لە مەسەلەی لێکۆڵینەوە له دامەزراندنی کونسوڵخانەی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران له بەشی عەرەبی ئەم پارێزگایه کرایەوە؛ ڕێوشوێنێک کە دەتوانێت کاریگەر بێت لە ئاسانکاری کاروباری کونسوڵگەری بۆ دانیشتوانی سنوورەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا.

داڕشتنی پلانی هاوبەش بۆ هاوکاری ئابووری

لە درێژەدا بڕیاردرا کۆبوونەوەی هاوبەش و دوو قۆڵی لەگەڵ لایەنی عێراقی لە ئاستە جیاوازەکانی بەڕێوەبردندا ئەنجام بدرێت و بە دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکانی ئێستا زەمینەسازی بۆ داڕشتنی پلانی جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ڕێککەوتنی هاوکاری لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵدا ئامادە بکرێت.

هەروەها لەم کۆبوونەوەیەدا چارەسەری ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەتایبەت سەبارەت بە کێشەی کاش و هەڵاوسانی دراو تاوتوێ کرا. لەم چوارچێوەیەدا، دامەزراندنی میکانیزمی ئاڵوگۆڕی کاڵا و دیزاینکردنی ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردن و ئاسانکاری ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕە لەبەرچاو گیرا.

ئەم میکانیزمە دەتوانێ ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چالاکە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق بە دەستنیشانکردنی کاڵا پێویستەکانی هەردوولا و هاوتاکردنی بەهای کاڵاکان و چاودێریکردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردن، نەرم بکاتەوە.

هەروەها دروستکردنی ژێرخانی پێویست بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆ و یەک وێستگەیی کاڵا و پشکنینی ئەگەری کۆمپانیاکانی گواستنەوەی هاوبەش یان کۆنسرسیۆمی لۆجستی لە نێوان چالاکە ئابوورییەکانی هەردوو وڵاتدا ئەو بابەتانەی دیکە بوون کە بەدواداچوونی بۆ کرا.

پێشانگای تواناکانی کرماشان لە شارەکانی عێراق

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ ئەنجامدانی پێشانگای تایبەتمەند کرا کە توانا ئابوورییەکانی ئێران لە شارەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە دەناسێنێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم پێشانگایانە توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و وەبەرهێنان بناسێنن و بەرهەم و خزمەتگوزاری لەسەر بنەمای زانیاری پێشکەش بکەن و دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاری نێوان چالاکانی ئابووری ئێران و عێراق بخوڵقێنن.

تەوەرێکی دیکە کە باسی لێوەکرا، لێکۆڵینەوە بوو لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی خوشکایەتی لە نێوان کرماشان و یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق، کە شاری دیالە لە پێشینەدا بوو. ئەم ڕێککەوتنە دەتوانێت ڕێگا خۆش بکات بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و ڕۆشنبیری و گەشتیارییەکانی نێوان هەردوولا.

بەدواداچوون بۆ ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی سێ لایانە

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی پلانی دامەزراندنی ناوچەیەکی سێ لایانەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازیی لە نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە؛ پلانێک کە ئامانجی پێکهێنانی ناوەندێکی ئابووری بەردەوام و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و لۆجستی و ئابوورییە لە نێوان سێ لایەنەکەدا.

لەو چوارچێوەیەشدا توانای ناوچەی ئازادی بازرگانی ــ پیشەسازی قەسرشیرین وەک یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی پلانەکە هەژمار کرا، بەمەبەستی کەڵک وەرگرتن لە شوێنی ئەم ناوچەیە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری بازرگانی و ئابووری.

پێکهێنانی گروپێکی کاری تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەکانی پەرویزخان

هەروەها پرسی پێکهێنانی گروپێکی کاری تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی سنووری پەروێزخان خرایە بەرنامەی کارییەوە.

ئەم گروپە کارییە بڕیارە ئاستەنگەکانی ژێرخانی، ڕێکارەکانی بازرگانی، ڕێساکان، پرسە لۆجستیەکان و کێشە ئابوورییەکانی ئەم سنوورە دەستنیشان بکات و پاکێجێکی گشتگیر لە پێشنیارەکان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئاستی نیشتمانی دابڕێژێت.

پارێزگای کرماشان بە سنوورە فەرمی و چالاکەکانی لەگەڵ عێراق و هەڵکەوتەی لە سەر ڕێڕەوی سەرەکی ئاڵوگۆڕی زەوینی ئێران لەگەڵ دراوسێی ڕۆژئاواییەکەی، بە یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی بازرگانی ناوچەیی دادەنرێت.

بەم پێیە پەرەپێدانی ژێرخانی سنووری، لابردنی بەربەستە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی ڕەزامەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ عێراق لە ئەولەوییەتییەکانی ئیدارەی پارێزگاکانن بۆ بەهێزکردنی پێگەی کرماشان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ناوچەکەدا.