پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سهرۆكی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان کە سەفەری تارانی کردووە، لەگەڵ قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران کۆبووەوە. لەم دیدارەدا قالیباف ئاماژەی بەوەدا کە پیلانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە تێکشکاوە.
لەم دیدارەدا، قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بە جەلال تاڵەبانی باوکی سەرۆکی یەکێتی کرد وەک یەکێک لە دۆستانی زۆر دێرین و دڵسۆزی ئێران و وتی: کاک جەلال تاڵەبانی پیاوێکی بەڕێز بوو، جا چ لە ڕۆژانی خەبات، چ لە ڕۆژانی دوای سەرکەوتن، چ لە ڕۆژانی خەبات و شەڕ، یان لە سەردەمی سەرۆکایەتی کۆماردا.
ناوبراو زیادی کرد: لەو شەڕەی کە ئەمریکییەکان دەستیان پێکرد، نەتەوە گەورەکەمان و هێزە چەکدارەکانمان نیشانیان دا کە چۆن دەتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بکەن. ڕەنگە ئەمریکییەکان هەرگیز بیریان لەوە نەکردبێتەوە کە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە بەرخۆدانانەی ئێران و شکستێکی وا بەرامبەر کۆماری ئیسلامی دەبنەوە و هەمووان شاهیدی ئەوەن کە ئەمریکییەکان لە هەردوو بواری سەربازی و سیاسیدا شکستیان هێنا.
ئەمریکییەکان هەرگیز دەستبەرداری پیلان و دیکتاتۆریەت و پیلانەکانیان نابن
سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردەوە: بێگومان ئەمریکییەکان هەرگیز دەستبەرداری پیلانگێڕی و دیکتاتۆرییەت و پیلانەکانیان نابن و لەم هەلومەرجەدا پێوەندی و کارلێکەکانمان بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی و ئەمنیدا، دەبێ لە بەرزترین ئاستی خۆیاندا بن، ئەمەش بە سروشتی هەرێمی کوردستانی عێراق وایە.
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا: لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، ئەمریکییەکان تەماحیان دەکرد لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە ڕێوشوێنی ئەمنی و سەربازی دژ بە ئێران بگرنەبەر؛ بەڵام بە هاوکاری دۆستەکان لە ناوچەکە و وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەم پیلانەی دوژمن تێکشکێنرا. بۆیە پێویستە زیاتر لە ڕابردوو هەوڵ بدەین پەیوەندییەکانمان لە هەردوو بواری ئەمنی و ئابووریدا پەرە پێبدەین.
قالیباف ئاماژەی بەوەدا: بێگومان ئەمریکییەکان و ڕژێمی زایۆنیستی هەمیشە چاویان لە دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان دراوسێکان و بەتایبەت لە نێوان ئێران و عێراقدایە؛ بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستادا کە ناچار بوون هەم خاک و هەم ئاسمانی عێراق بەجێبهێڵن؛ بە دڵنیاییەوە بەدوای فیتنە و ناتەبایی لە ناوچەکەدا دەگەڕێن؛ بۆیە نابێ بە پەیوەندیی نزیک و متمانە بە یەکتر ڕێگە بەو جۆرە گرژییانە بدەین و وریا بین کە لە ژێر کاریگەریی کارە خراپەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیدا نەبین.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی و شاندی یاوەری لە ئێران و مەجلیسی شۆرای ئیسلامی دەربڕی؛ و هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم سەردانە زیاتر پەرە بە پەیوەندییە ئابووری و ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدات.
ئەمڕۆ یەکێتی گەڕایەوە سەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئامانجی ئەم دیدارەی بە دیالۆگێک بۆ هاوکاری لە بارەی پرسە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق ناوبرد و وتی: ئەمڕۆ یەکێتی زۆر بەهێز بووە و گەڕاوەتەوە بۆ هەمان یەکێتی کە جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتیی کردبوو.
ناوبراو زیادی کرد: کۆماری ئیسلامی هەمیشە پشتیوان و پاترۆنی ئێمە بووە، بۆیە ئێمە شەڕ و سەختی ئێوە بە شەڕ و سەختی خۆمان دەزانین، سەرکەوتنی ئێوەش بە سەرکەوتنی خۆمان دەزانین.
تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستانی عێراق ببێتە شوێنێک بۆ دروستکردنی نائەمنی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، زیادی کرد: ئامادەکاری تەواومان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.