شەڕی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بارودۆخێکی نائاسایی لە ناوچەکەدا لێکەوتەوە و هەرێمی کوردستانیش بەدەر نەبوو لەو کاریگەری و لێکەوتانە. ئەمریکا بەرژەوەندییەکی زۆری سیاسی، سەربازی و ئابوریی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ڕژێمی زایۆنیستی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان ڕێکخستن و چالاکی نهێنیی هەیە، گرووپە چەکدارەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا بوونیان هەیە. ئەم بارودۆخە وایکردووە کە هەرێم بکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەم شەڕەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک ڕووداوی سلێمانی و
ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە تایبەت لە پاش دەرکردنی
بەیاننامەکەی بافڵ تاڵەبانی، پڕوپاگەندەییەکی زۆری میدیایی بە دوای خۆیدا هێنا. نەیاران
و ناحەزانی پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتی، هەڵمەتێکی میدیایی بەربڵاویان دەستپێکرد
و تەنانەت هەندێک کەسی ناشارەزا کە خۆیان بە نووسەر و شرۆڤەکار دەناسێنن، بانگەشەی
گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان و تەنانەت ساردبوونەوە و پچڕانیان دەکرد.
بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی کۆماری ئیسلامی ئێران
و سەرکردایەتی یەکێتی، شکستی بەو پڕوپاگەندە میدیاییە هێنا و بە سەردانەکەی بافڵ
تاڵەبانی بۆ تاران و پێشوازییە گەرمەکەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران (لە وەزیری
دەرەوە تا سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار) ئەوەی سەلماندەوە تاران بە گرنگی و بایەخەوە
لە پێگەی یەکێتی و مێژووی خەبات و سیاسەتی خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی دەڕوانێت
و لە هەر بارودۆخێکدا ئەو مێژووە هاوبەشە دەپارێزێت.
بێگومان سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە
کاتێکی گونجاودا سەردانی تارانی کرد و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک هەمیشە پشتیوانی
یەکێتی و هەرێمی کوردستان دەبێت.
وانەیەکی گرنگی ئەم سەردانە دەبێت لە وەفای کۆماری
ئیسلامی ئێراندا بخوێندرێتەوە، وەک ئاماژە درا، ئێران هیچ کات دۆستەکانی لەبیر
ناکات، بە پێچەوانەی ئەمریکاوە کە تا ئێستا دەیان جار خیانەتی لە کورد کردووە، دوایین
نموونەش، لە سوریا و بە ئاشکرا ئەو بارودۆخە نالەبارەی بە سەر هەسەدە و خەڵکی کوردی
ئەو وڵاتەدا سەپاندووە کە سەرجەم دەسکەوتە سیاسی و سەربازی و مەدەنییەکانیان لەناوچووە
و کەوتوونەتە ژێر حوکمی تیرۆریستێکی جلوبەرگ گۆڕاو بە ناوی ئەبوو محەممەد جۆلانی یان
هەمان ئەحمەد شەرعەکەی ئێستای ئەمریکا.