جام کوردی - کاتێک پاییز دێت، وەک ئەوە وایە کەسێک لە پەنجەرەی ئاسمانەوە، فڵچەیەکی هەڵگرتبێت و بە ڕەنگەکانی پرتەقاڵی و زێڕین و قاوەیی، لەسەر لقەکان تابلۆی کێشابێت. شەقامەکان بۆنی باران و گەڵایان لێدێت و شەماڵ، بە هێمنی بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێت. هەوا سووکتر دەبێت، دەنگەکان دوورتر، و دنیا وەک ئەوەی بۆ ساتێک ڕاوەستێت تا هەناسەیەکی تازە هەڵمژێت.

پاییز وەرزی بێدەنگی نییە، وەرزی قسە نەوتراوەکانە. کاتێک گەڵاکان دەوەرن، وەک ئەوە وایە دارەکان بە ئارامی ماڵئاوایی دەکەن. هیچ پەلەپەلێک نییە. هەر گەڵایەک لە کاتی خۆیدا جیا دەبێتەوە، لە کاتی خۆیدا دەخولێتەوە و لە کاتی خۆیدا دەکەوێتە سەر زەوی. پاییز فێرمان دەکات کە بەردان (تەرککردن)یش دەکرێ جوان بێت؛ کە تێپەڕین، هەمیشە برین نییە، هەندێک جار دەستنێژان و نەوازشە.

ڕەنگەکانی پاییز، ڕەنگی ناوەندین. نە سەوزی سەرکەشی بەهار، نە سپیی ساردی زستان. نارنجی، ڕەنگی خۆری ئاوابوونە. زێڕین، ڕەنگی نانی تازەیە. قاوەیی، ڕەنگی چایەکی گەرمە لە فینجانێکدا کە دەستەکان گەرم دەکاتەوە. ئەم ڕەنگانە هاوار ناکەن، چرپە دەکەن. بە ئارامی دێن، بە ئارامی دەمێننەوە و بە ئارامیش دەڕۆن.

پاییز بۆنی ژیانە؛ بۆنی کورسی و هەنار و خورماڵوو. بۆنی شالگەردن و کتێب و شەوانی درێژتر. بۆنی چەتر و پەنجەرە و بارانێک کە لەسەر شووشەکە سەما دەکات. بۆنی نان و دارچین و سێو. پاییز، وەرزی چێشتخانە گەرمەکانە، وەرزی ئەو دەستانەی کە بە دەوری فینجانێکدا دەپێچرێن، وەرزی دەنگی خشپەی گەڵاکان لەژێر پێدا.

هەندێک کەس پاییز بە خەمناک دەزانن، بەڵام پاییز خەمناک نییە. پاییز تەنها ڕاستگۆیە. پێمان دەڵێت هەموو شتێک بەردەوام (مانێ) نابێت، بەڵام هەر ڕۆیشتنێک، بۆنی هاتنێکی تازەی لێدێت. گەڵایەک کە دەکەوێت، جێگەکەی بۆ گوڵێک لە بەهاردا چۆڵ دەکات. دارێک کە ڕووت دەبێتەوە، خەریکە خۆی بۆ گوڵەکانی داهاتوو ئامادە دەکات.

پاییز، وەرزی ئارامگرتنە. وەرزی هەناسەدان، وەرزی سەیرکردنی ئاسمان، وەرزی بوون. وەرزی بە بێ ئامانج پیاسەکردن، وەرزی دانیشتن لەسەر کورسیی باخچەکان، وەرزی سەیرکردنی باڵندەکان کە بۆ ڕۆیشتن ئامادە دەبن. پاییز فێرمان دەکات کە دەکرێ بە بێ پەلەپەل بیت، بە بێ ترس، بە بێ دڵەڕاوکێ.

و لەوانەیە جوانترین وانەکەی هەر ئەمە بێت: جوانی، هەمیشە لە لووتکەدا نییە. هەندێک جار لە وەریانە، لە بێدەنگیدایە، لە ئارامیدایە. هەندێک جار لە گەڵایەکدایە کە بە هێمنی دێت و لەسەر شانت دەنیشێت و وەک ئەوەی بڵێت: «من ڕۆیشتم، بەڵام تۆ بمێنە و جوان بە.»

پاییز، وەرزی ماڵئاوایییە جوانەکانە.