ئاژانسەکە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی دیداری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نووسیویەتی: "هۆکاری قبوڵکردنی داواکارییەکەی ویتکاف بۆ ئەم دیدارە، گەیاندنی مەرجەکانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بووە."
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لەم دیدارەدا هەڵوێستە قایم و یەکلاکەرەوەکانی ئێران بە نوێنەری ئەمریکا ڕاگەیەندراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەڵگرتنی بەپەلەی گەمارۆی دەریایی، دابینکردن و دانەوەی دەستبەجێی هەموو سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکانی بەرگریدا، لەو مەرجانەن کە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دیاری کردوون.
لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی دەوڵەتی ئەمریکا، لە پەراوێزی دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە نیویۆرک ڕایگەیاندبوو کە شاندی ئێران و ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە.
ناوبراو لە هەنگاوێکی نماییشیدا پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بانگەشەی ئەوەی کرد: "پێموایە لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن."
ترەمپ دوای ئەوە لە دیدارێکی جیادا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، جارێکی تر باسی لە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران کردەوە و ڕایگەیاند کە گفتوگۆیەکی سێ کاتژمێری لە نێوان ستیڤ ویتکاف و جێرد کۆشنەر لە لایەک و بەرپرسانی ئێران لە لایەکی ترەوە لە نیویۆرک ئەنجام دراوه و ئەو گفتوگۆیانەی بە "ناوازە" وەسف کرد.