ئێران قوربانیی تیرۆرە نەک تیرۆریست

پزشکیان لە بەشێکی سەرەکی و کاریگەری وتارەکەیدا، بە نیشاندانی وێنەی ئەو قوتابییە شەهیدانەی میناب و لامرد کە لە هێرشەکانی ئەمریکادا گیانیان بەخت کرد، وڵامی تۆمەتەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکای دایەوە. ناوبراو وتی: «ئێمە لە وڵاتێکەوە دێین کە رێبەران و دڵسۆزانی ئێمەیان بە بێ هیچ بەڵگەیەک تیرۆر کردووە. ئەوانەی ئێمە بە تیرۆریست ناودەبەن، خۆیان ئەوانەن کە تیرۆر دەکەن و تیرۆریست پەروەردە دەکەن.» سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە چەکی پێشکەوتوو قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی ئێرانیان بۆمباران کردووە، بەڵام گەلی ئێران لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا سەری دانەنواند.

هێز بۆ بەرگری و نەک دەستدرێژی

سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران لە ماوەی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا دەستپێشخەری هیچ شەڕێک نەبووە، ڕایگەیاند کە ستراتیژی ئێران بەرگرییە نەک دەستدرێژی. ناوبراو وتی: «ئێران پێویستی بە هێزە، چونکە جیهانی ئەمڕۆ جیهانی قۆرخکاری و زۆرەملێیە. ئێمە هێز بۆ بەرگریکردن لە خۆمان دەخوازین و بۆ ئەم مەبەستەش لە کەس مۆڵەت وەرناگرین.»

دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە

پزشکیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختی کردەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ مەبەستی ئاشتیانە و گەشەپێدانە و نەک دروستکردنی بۆمب. ناوبراو کێشەی ئەتۆمیی بە بابەتێک زانی کە لە ڕێگەی شەڕەوە چارەسەر ناکرێت و داوای ڕێککەوتنێکی کرد کە مافەکانی گەلی ئێران پارێزراو بێت. هەروەها وتی: «ئێران دراوسێکانی بە رکابەری ئەمنی نابینێت؛ ئاسایشی ناوچەکە بە تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی کەناراوەکان بەدی نایێت.»

فەلەستین؛ زامێکی قووڵ لە ویژدانی مرۆڤایەتی

سەرۆککۆمار ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە غەززە گرت و ڕایگەیاند: «تا کاتێک داگیرکاری و نادادپەروەری هەبێت، بەرگری بەردەوام دەبێت. فەلەستین زامێکی قووڵە لەسەر ویژدانی جیهان و غەززە نیشانەی شکستخواردنی سازوکارە نێودەوڵەتییەکانە.»

هۆشداری بەرامبەر بە زمانی هەڕەشە

پزشکیان لە کۆتایی وتارەکەیدا بە ئاماژەدان بە وتەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا، وتی: «هەڕەشە تەنها گەلی ئێران یەکگرتووتر دەکات. ئێران بە شەڕ ملکەچ نابێت و ئەوانەی دەخوازن بە زمانی هەڕەشە قسە بکەن، با بزانن کە گەلی ئێران لە بەرامبەر زوردا ڕادەوەستێت. ئێمە ئامادەی گفتوگۆین، بەڵام قەت زمانی زۆرەملێ قبوڵ ناکەین.»