یەحیا سەریع، چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکان و یەکە مووشەکییەکانی عەرەبستان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٥٢ هێرشی ئاسمانی و مووشەکییان بۆ سەر پێنج پارێزگای یەمەن ئەنجام داوە. ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی، لەوانە ژنان و منداڵان، هەروەها زیانی زۆریان بە ژێرخانە مەدەنییەکان گەیاندووە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختی کردەوە: «ئەم هێرشانە پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز، بەیزا، مارب و سەعدەی کردووەتە ئامانج.»

ناوبراو زیادی کرد: «فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جۆری (F-15) و (تایفۆن) لە بنکە ئاسمانییەکانی "خەمیس موشەییت" و "تائیف"ەوە فڕیون، هێرشە مووشەکییەکانیش لە ناوچەی جیزان لە باشووری عەرەبستانەوە ئەنجام دراون.»

بەوتەی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، لە میانەی ئەم هێرشانەدا، دامەزراوە و ژێرخانە مەدەنییەکان لەوانە تۆڕەکانی پەیوەندی، قوتابخانەکان، پردەکان و رێگاکان زیانیان بەرکەوتووە.

بەپێی ئەم راگەیەندراوە، کۆی گشتیی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن لە کاتی دەستپێکردنی قۆناغی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکانەوە گەیشتووەتە ٩٨٨ هێرش.