ئەلخەفاجی بە پشتبەستن بە ماددەی ٤١ی بەشی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوونی کردەوە کە تەنها ئەنجومەنی ئاسایش خاوەن دەسەڵاتە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتاندا، نەک هیچ وڵاتێکی دیکە بە شێوەی تاکلایەنە. بەوتەی ناوبراو، ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ١٥ ئەندام (پێنج ئەندامی هەمیشەیی و دە ئەندامی کاتی) پێکدێت، تاکە ناوەندی بڕیاردانە بۆ ئەم بابەتانە.
ئەم پەرلەمانتارە عێراقییە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە هێزی سەربازی و ئابووریی خۆی، یاسا ناوخۆییەکانی بەسەر وڵاتانی دیکەدا دەسەپێنێت و ناچاریان دەکات پابەند بن، کە ئەمەش بە سیاسەتێکی زۆرەملێ و دەستەڵاتخوازانە ناوی برد.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەلخەفاجی ئاماژەی بەوە کرد کە لە سیستەمی ئێستای جیهاندا «هێز» بووەتە پێوەری دیاریکردنی ماف و دادپەروەری، ئەنجومەنی ئاسایشیش نەیتوانیوە بەرامبەر بەم تاکڕەوییانە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە نیشان بدات. ناوبراو هیوای خواست ئەم جۆرە لە خۆبەزلزانینە کۆتایی پێ بێت و سیستەمی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە سەر بنەما ڕاستەقینەکانی خۆی.