بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سنوور بۆ کرماشان تەنیا هێڵێکی جوگرافی نییە؛ دەتوانێت دەروازەی ئێران بێت بۆ یەکێک لە گرنگترین بازاڕەکانی ناوچەکە.
پارێزگای کرماشان بە سنوورەکانی وەکوو پەروێزخان، خوسرەوی، سۆمار، شۆشمی، و شێخ سڵە و توانای تیلەکۆ، پێگەیەکی ناوازەی هەیە بۆ پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان. پێگەیەک کە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی هەرێمی کوردستان لە لایەکەە و لە لایەک تریشەوە ڕێگایەک بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و عەرەب نشینی عێراق دابین دەکات.
هەروەها ئاماری هەناردەکردن گرنگی ئەم پێگەیە نیشان دەدات؛ لە ساڵی 1404دا بە بەهای نزیکەی 2.79 ملیار دۆلار کاڵا لە گومرگی پارێزگاکەوە هەناردە کراوە.
بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە:
ئایا کرماشان هێندەی توانای جوگرافی و ئابووری خۆی، لە سیاسەتی ئابووریی ئێران بەرامبەر بە عێراقدا بینراوە؟
پێدەچێت وەڵامەکە پێویستی بە پێداچوونەوەی جددی هەبێت.
کرماشان دەتوانێت لەدەرەوەی هەناردەکردنی کاڵا، ببێتە ناوەندێک بۆ گەشتوگوزار، چارەسەرکردن، خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری، گواستنەوە، وەبەرهێنان و هەناردەکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ عێراق.
گەشتیارێکی عێراقی کە دەچێتە ناو کرماشان، تەنیا موسافر نییە؛ بەڵکوو دەتوانێت بۆ شوێنی نیشتەجێبوون، چارەسەرکردن، بازاڕکردن، خواردن، گواستنەوە و گەشتیاریش پارە خەرج بکات و بەشێک لە داهاتی دراوی بیانی بێنێتە نێو ئابووری وڵاتەکەوە.
کەوابوو پێویستە ڕوانین بۆ سنوورەکانی کرماشان لە "ترانزێتی گومرگی و کاڵا"وە بگۆڕدرێت بۆ "ئابووری سنووری و دیپلۆماسی ئابووری".
لەم نێوەندەدا، شۆشمی، شێخ سڵە، و تیلەکۆ نابێت لە پلانی گەشەپێدانی ئابووریی پارێزگاکەدا بەجێبهێڵرێن. جگە لە پەرەپێدانی بازرگانی، چالاککردن و ڕێکخستنی ئەم ڕێگایانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی هەلی کار و خۆشگوزەرانی ئابووری لە ناوچە سنوورییەکاندا.
هەروەها کرماشان دەتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لە توانای میدیایی و فەرهەنگی و بە تایبەت پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی چالاکتر لە ناساندنی دەرفەتە ئابووری و گەشتیارییەکانی ئێران بە بازاڕی عێراق بگێڕێت.
ئەرکی میدیای ناوخۆیی و نیشتمانی لەم بوارەدا دەتوانێ هێزی بزوێنەری پەرەپێدانی دیپلۆماسی ئابووری لەم شەڕە تێکەڵاوەی دوژمن لە دژی ئێراندا بێت. جام کوردی لەم بوارەدا، بە لەبەرچاوگرتنی توانا بەرفراوانەکانی لە پارێزگا و هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانیدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی میدیایی بەسوود و کاریگەر بگێڕێت لە ناساندنی تواناکانی کرماشان بە بازاڕی عێراق و گواستنەوەی دەرفەتە ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە بۆ چالاکانی ئابووری ئێران.
ئێستا کاتی ئەوەیە کە پرسی کرماشان لە خواستێکی پارێزگاییەوە تێپەڕێت.
کرماشان دەتوانێ ناوەندی دیپلۆماسی ئابووریی نێوان ئێران و عێراق بێت.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، پەرەپێدانی بەڵگەنامەیەکی دیاریکراو بۆ پەرەپێدانی بازرگانی، گەشتیاری، وەبەرهێنان و هەناردەکردنی خزمەتگوزاری بۆ عێراق، بە بەشداری پارێزگا، کەرتی تایبەت، ژووری بازرگانی و گروپەکانی میدیا، دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت.
سنوورەکانی کرماشان تەنیا شوێنێک نین بۆ تێپەڕبوونی کاڵاکان؛
ئەگەر بە باشی بەڕێوەببرێن، دەتوانن ببنە ڕێڕەوێک بۆ هاتنی سەرمایە و گەشتیار و بازرگانی و دراوی بیانی، بۆ نێو وڵاتەوە.
کرماشان ئەمڕۆ تەنیا لەبەر ئەوەی پارێزگایەکی سنوورییە، پێویستی بە گرنگیدانی تایبەت نییە؛ بەڵام لەبەر ئەوەی دەتوانێت یەکێک بێت لە گرنگترین دەروازە ئابوورییەکانی ئێران بۆ عێراق، دەبێ گرنگی پێبدرێت.
بە قەڵەمی ڕەزا ڕەحمەتیان