​ئومێد جاف ئاماژەی بەوە دا کە لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣دا، سوپای هاوپەیمانان بە پێشەوایەتی ئەمریکا و بەریتانیا بە بەهانەی درۆینەی بوونی «چەکی کۆمەڵکوژ» عێراقیان داگیرکرد.

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە دوای زیاتر لە ٢٣ ساڵ، بە ڕاپۆرتە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەلما کە هەموو ئەو ئیدیعایانە پووچ بوون و هیچ چەکێکی لەو جۆرە بوونی نەبووە.

​ئەو شرۆڤەکارە یاساییە باسی لە بڕیاری ١٤٨٣ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ( لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٣) کرد کە بەڕوونی دانی نا بە دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا وەک دەسەڵاتی داگیرکەر، بڕیارێک کە تەنانەت کوفی عەنان، ئەمینداری گشتیی ئەوکاتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جەختی لێکردبووەوە.

​جاف لە وەڵامی پرسیاری ئایا هاوپەیمانان بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ کرد؟ ڕایگەیاند: «نەخێر! ئەوەی دوای ٢٣ ساڵ لەم بڕیارە دروست بوو، تەنها وێرانکردنی تەواوەتیی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە حکومییەکان و سوپای عێراق، و دروستکردنی بۆشایی ئەمنی بوو. ئەم سیاستە هەڵانەی ئەمریکا زەمینەی ڕەخساند بۆ سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکان و دروستبوونی داعش و هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی، کە سەرمایەی مرۆیی، زانستی و تەکنەلۆژیی عێراقی لەناو برد. ئێستا عێراق گۆڕەپانی تەقینەوەی هەزاران بۆمبی چێنراوی ناکۆکی و دووبەرەکی نەتەوەیی و ئایینییە کە ئیمپریالیزم چاندوویەتی.»

​ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای ئەم هەموو وێرانکارییە، هاوپەیمانان بە پێشەوایەتی ئەمریکا بڕیاری پاشەکشەیان داوە و عێراقێکی برینداریان بەجێهێشتووە؛ عێراقێک کە پێویستی بە زیاتر لە ٢٣ ساڵی ترە تەنها بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە دۆخی پێش داگیرکاری لە ساڵی ٢٠٠٢.

​لە بەشێکی تری وتوێژەکەدا لەگەڵ "جام کوردی"، ئومێد جاف جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری ڕاستەقینە لە دەستی هیچ هێزێکی دەرەکی و ڕۆژئاواییدا نییە، بەڵکو دەبێت گەلی عێراق و سەرکردایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمانی ئەم نەخشەڕێگەیە جێبەجێ بکلەن:

- هەموو لایەک دەوڵەت بە دەسەڵاتی شەرعیی خۆیان بزانن، نەک حزبی خۆیان، و چەک تەنها لە چوارچێوەی سوپای دەستوری و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا کۆبکرێتەوە.

​- کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دووفاقی، ناتەبایی و ئەو هاندانی تائیفییەی کە داگیرکاران جێیان هێشتووە.

- تەرخانکردنی داهاتی نەوت و سامانی نیشتمانی بۆ گەلی عێراق، نەک بۆ بەرژەوەندیی حزبی و ئەجێندای زیانبەخشی دەرەکی.

- بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز کە تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکان—عەرەب، کورد، تورکمان، شیعە، سوننە و مەسیحی—بە ئاسوودەیی و شکۆمەندییەوە تێیدا بژین.

​لە کۆتاییدا ئومێد جاف ڕایگەیاند: پەیڕەوکردنی ئەم هەنگاوانە تاکە ڕێگەی ڕاستەقینەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ٢٣ ساڵ لە داگیرکاریی ئەمریکا و ئاژاوەگێڕی، و دروستکردنی ئایندەیەک کە شایستەی سەروەریی تەواوەتیی گەلی عێراق بێت.