بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی «بلومبێرگ»، ئەم کۆمپانیا ئەورووپییە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پلەی متمانەی دارایی ئەمریکای سێ پلە لە خوار بەرزترین ئاستی گونجاو داناوە، بەڵام ئاسۆی داراییەکەی بە «جێگیر» هێشتووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، هۆشداریی داوە کە ڕەوتی کەڵەکەبوونی قەرزەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێت بۆ هەمیشە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.

لە ڕاگەیەندراوی «سکۆپ ڕەیتینگز»دا هاتووە: «لە ئەگەری نەبوونی گەشەیەکی ئابووریی زۆر بەهێزتر یان چاکسازییەکی بەرچاوی دارایی ــ چ لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی داهاتەکانی دەوڵەت یان کەمکردنەوەی خەرجییەکان ــ چاوەڕوان دەکرێت ئاراستەی قەرزەکان بە شێوەیەکی نەخوازراو بمێنێتەوە. ئەم ڕێڕەوە نیشاندەری ڕەوتێکی دارایی ناجێگیرە لە مەودای مامناوەنددا و حكوومەتی ئەمریکا زیاتر لە ڕابردوو دەخاتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی بۆچوون و متمانەی وەبەرهێنەرانەوە.»

ئەم ئاژانسە پێشبینی دەکات ڕێژەی قەرزی گشتی بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا (GDP) لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا بگاتە ١٦٠٪. هەروەها تێچووی پوختی سوودی بانکی تا ساڵی ٢٠٣١ بۆ ئاستێکی «تەواو بەرز» هەڵبکشێت. هاوکات کۆمپانیاکە ئاماژەی بەو مەترسییانەش کردووە کە لە بنبەستی چاوەڕوانکراوی کۆنگرێسی ئەمریکاوە لەسەر پرسی بەرزکردنەوەی «سەقفی قەرزەکان» سەرچاوە دەگرن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو کاتەوەی ئاژانسی «موودیز» (Moody’s) لە ساڵی ڕابردوودا پلەکەی دابەزاند، ئیتر لە لایەن هیچ کام لە دامەزراوە گەورەکانی پلەبەندیی جیهانییەوە بەرزترین پلەی متمانەی بەدەست نەهێناوە. سەرەڕای ئەوەش، هەڵسەنگاندنەکانی «سکۆپ» بۆ دۆخی دارایی ئەمریکا، لە مێژە وەک ڕوانگەیەکی زۆر ڕەشبینانەتر بەراورد بە ئاژانسەکانی تر سەیر دەکرێت.

بەپێی شیکاریی بلومبێرگ، ئامادەیی ئەم کۆمپانیایە بۆ دابەزاندنی دووبارەی پلەی متمانەی ئەمریکا لە دژایەتیدایە لەگەڵ ڕوانگەی وریایانەتری ڕکابەرەکانی؛ وەک نموونە شیکارکاری باڵای ئاژانسی «فیچ» (Fitch Ratings) لە مانگی کانوونی دووەمدا گوتبووی کە دابەزاندنی دووبارەی پلەی ئەمریکا ماوەیەکی کەم دوای بڕیارەکەی ٢٠٢٣، شتێکی زۆر نائاسایی دەبێت.

ئاژانسی «سکۆپ ڕەیتینگز» دواهەمین جار لە کاتی بنبەستی سەقفی قەرزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٥ پلەی متمانەی ئەم وڵاتەی دابەزاند و لە ئێستادا پلەی واشنتنی دوو پلە خوارتر لە فیچ، موودیز و ئێس ئەند پی (S&P) دیاری کردووە.

جێی باسە «سکۆپ ڕەیتینگز» یەکێکە لەو پێنج ئاژانسە نێودەوڵەتییەی کە بانکی ناوەندیی ئەورووپا (ECB) بۆ هەڵسەنگاندنی بارمتە و بەڵگەنامە داراییەکان پشتیان پێ دەبەستێت، و تاکە دامەزراوەیە لەنێو ئەم پێنجەدا کە بنکەکەی لە کیشوەری ئەورووپایە.