جام کوردی - سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: تا کاتێک حەوت مەرجەکەی ئێران بەپێی یاداشتی تێگەیشتنی «ئیسلام ئاباد» جێبەجێ نەکرێت، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە و ئێران ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بە تویتەکانی کاربەدەستانی ئەمریکا ڕێک ناخات.

محەممەد باقر قاڵیباف لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ڕۆژی یەکشەممە (١٢ی ڕەزبەر)دا لە وتارێکدا پێش دەستپێکردنی بەرنامەی ڕۆژانە وتی: لە سەروبەندی ساڵڕۆژی حەماسەی مێژوویی ٧ی ئۆکتۆبەردەین؛ خاڵێکی وەرچەرخانی بنەمایی کە مێژووی ناوچەکەی بۆ پێش و پاش خۆی دابەش کرد. لە ٧ی ئۆکتۆبەردا، موجاهیدە بەغیرەتەکانی فەلەستین بڕیاریاندا بە شەرەف و عیزەتەوە بوەستن و وەهمی ئاسایشی پووچی زایۆنیستەکان بکەن بە ترسێکی بەردەوام بۆیان.

ناوبراو زیادی کرد: «ڕێبەری باڵا لە هەمان ڕۆژانی سەرەتادا فەرمووی شکستی ڕژێمی زایۆنی لە ٧ی ئۆکتۆبەر، شکستێکی قەرەبوو نەکراوەیە. ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی کات، ڕەهەندەکانی ئەم شیکارییە ستراتیژییە بۆ شیکەرەوەکان ڕوون بووەتەوە. شکستی قەرەبوو نەکراوە واتە ڕژێمی زایۆنی کە دەیان ساڵ خۆی وەک لایەنی مەزڵوم وێنە کێشابوو، ئەمڕۆ لای ڕای گشتیی جیهان ڕیسوا بووە و کاری بۆ دەوڵەتە زلهێزەکان سەخت کردووە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە پشتگیرییە مەزنە ماددی و مەعنەوییەکانیان بدەن؛ ئەمە وای کردووە ئایندەی ئەم ڕژێمە بێ ئاسۆ بێت. هەروەها ڕوکنەکانی دۆکتۆرینی ئاسایشی نەتەوەیی ئەم ڕژێمە داڕماوە و بە هیچ ئۆپەراسیۆن و بودجەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە.»

سەرۆکی مەجلیسی ئێران وتیشی: «ئەو ڕژێمەی کە ساڵانێک بانگەشەی بەرگریی موتڵەق و هێزی زانیاریی نەفووزنەکراوی دەکرد، ئەمڕۆ لە زۆنگاوێکی پڕ لە فرسایشدا دەست و پێ دەکات؛ بونیادی ناسنامەیی و ئەمنیی ئەم ڕژێمە نیشتووە و بە بۆمباران و تاوانکاری، ئەو بناغە وێرانبووە چاک ناکرێتەوە. ئەم ڕژێمە تەنانەت بە پشتگیریی بێ وێنەی ئەمریکاش نەیتوانیوە ئەو شکستە قەرەبوو بکاتەوە و بەرەو لەناوچوونی تەواو دەچێت.»

قالیباف جەختی کردەوە: «بەڵام تەنیا زایۆنیستەکان نین کە لە بێچارەییدا گیریان خواردووە، ئەمریکییەکانیش لە بەرامبەر خۆڕاگریی گەلی ئێران بێچارە بوون. ئەمریکییەکان کە لە میدیاکاندا شتی دیکە دەڵێن، بەم دواییانە لە ڕێگەی نێوەندگیرییەوە پێشنیاریان کردووە. بەڵام دەبێت بزانن کە سەردەمی کات بەفیڕۆدان و دیکتەکردنی داواکارییە یەک لایەنەکان بەسەرچووە و هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو شەفاف و یەکلاکەرەوەیە؛ تا ئەو کاتەی حەوت مەرجەکەی ئێمە بەپێی یاداشتی تێگەیشتنی ئیسلامئاباد جێبەجێ نەبێت، تەنگەی هورمز ناکرێتەوە.»

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: «ئەوان ئەم ڕاشکاوییە و قەتعییەتی ئێمەیان باش دەناسن، بەڵام بۆ فریودانی ڕای گشتیی خۆیان و جیهان، لەپاڵ گوشاری ئابووری و کردەوەی سەربازی و ئەمنیی، هەڕەشە و قسەی بێ بنەمای سەربازییان پەرە پێ داوە؛ بە جۆرێک کە هەندێک جار لە یەک ڕۆژدا چەند قسەی دژبەیەک دەکەن. ئەمە تایبەتمەندیی مەیدانی جەنگی ناسراوەییە (Cognitive War) کە تێیدا دوژمن ڕۆژێک فیزەی دانوستان و ڕێککەوتن دەگرێت، ڕۆژێکی تر هەڕەشەی پێکدادان و وێرانکاری دەکات.»