ئەکرەمینیا لە وتووێژێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی هێزی سەربازی، ئاستی ئامادەیی تەکنەلۆژیا و کەرەستەی سەربازییە لە گۆڕەپانی شەڕدا. ناوبراو وتی: “دوای شۆڕشی ئیسلامی و بەتایبەت بەهۆی گەمارۆ سەربازییەکان، ئێران چیتر پشت بە دەرەوە نابەستێت و بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت.”
وتەبێژی ئەرتەش جەختی کردەوە کە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بوونەتە هەلێک بۆ گەشەپێدانی توانای ناوخۆیی. ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئێستا ئەرتەش سەرکەوتووانە مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و پارچەی پێویست بۆ فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و کەشتییەکان لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت.
سەبارەت بە ئامادەیی بۆ شەڕێکی درێژخایەن، ئەکرەمینیا وتی: “لە بنەڕەتەوە پلانمان بۆ ئەوە داناوە کە ئەگەر شەڕ ساڵانێکی زۆر بخایەنێت، هێزەکانمان توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی چەکیان هەبێت. ئێستا کۆگاکانی چەکمان لە ئاستێکی باشدایە و ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان چالاکن، بۆیە هیچ نیگەرانییەک لەو بارەیەوە بوونی نییە.”
لە کۆتاییدا، وتەبێژی ئەرتەش ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەزموونی شەڕە تازەکان، ستراتیژی سەربازیی ئێران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئێستا زیاتر گرنگی بە “چەکی دوورئاوێژ” (Stand-off weapons) دەدرێت تا بتوانرێت لە دوورەوە ئامانجەکانی دوژمن پێکراو بن.