ئینێستا کە ساڵانێکی زۆر شانبەشانی مێسی لە بەرشەلۆنە یاری کردووە و لە سەردەمی زێڕینی یانەکەدا یەکێک بووە لە هاوڕێ نزیکەکانی، هەمیشە ستایشی تواناکانی تۆپی پێی و سیفەتە کەسایەتییەکانی ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییەی کردووە. هاوکاری ئەم دوو یاریزانە لەگەڵ ئەستێرەکانی تری بەرشەلۆنە، لە قۆناغە سەرکەوتووەکانی مێژووی یانەکە بوو.

ئینێستا سەبارەت بە مێسی وتی: لیۆ کەسێکی ناوازەیە، چ لە ڕووی کەسایەتی و چ لە ڕووی تۆپی پێیەوە، بوون لەگەڵیدا وایکردین مرۆڤی باشتر بین، ئەو نمونە و ئیلهامبەخشە بۆ زۆر کەس و لە دڵەوە هیوای باشترین بۆ ئەو و خێزانەکەی دەخوازم.

ئینێستا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەو کاریگەرییە ئەرێنییە کرد کە مێسی لەسەر کەسانی دەوروبەری هەیبوو، جەختی لەوە کردەوە کە بەها و پێگەی ئەم ئەفسانە ئەرجەنتینییە تەنیا بە دەستکەوت و توانا نائاساییەکانی لە گۆڕەپانی تۆپی پێدا سنووردار نییە، بەڵکو کەسایەتی و هەڵسوکەوتەکانیشی، کە بووەتە ئیلهامبەخش بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا، زۆر ناوازەیە.