بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاندێکی بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە لە سەردانەکەیان بۆ کرماشان لە گەڵ بەرپرسان و بازرگانانی ئەم پارێزگایە کۆبوونەوە.
هەروەها لەم سەردانەدا ئەندامانی ژووری بازرگانی هەڵەبجە لە پێناو گەشەی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ کرماشان یادداشتێکی لێک تێگەیشتنیان لە گەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانی کرماشان واژۆ کرد.
سەرۆکی ژووری بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە لە پەراوێزی ئەم سەردانەدا وتی کە بازرگانانی هەڵەبجە ئامادەیی ئەوەیان هەیە کە لە ناوچە سنورییەکان لە گەڵ بازرگانانی ئێرانی وەبەرهێنانی هاوبەش بکەن.
پێشەوا ئەحمەد مەحمود لە کۆبوونەوەی شاندەکەی هەڵەبجە لە گەڵ بەرپرسانی پارێزگای کرماشان بە ئاماژە بە خاڵە هاوبەشەکانی پەیوەندیی نێوان هەر دوو لا، وتی: ئێرانییەکان بەردەوام هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە لوتکەی ئەم هاوکارییەش بۆ سەردەمی بۆردومانی کیمیایی شاری هەڵەبجە دەگەڕێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئامادەیی پارێزگای هەڵەبجە بۆ گەشەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ پارێزگای کرماشان و بازرگانە ئێرانییەکان، وتی: لە ساڵانی ڕابردوو چەند ڕێکەوتنێکی هاوبەش لە نێوان هەڵەبجە و کرماشان واژۆ کراوە کە ویستی هەر دوو لا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان پیشان دەدات.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە پێشوازیی لە وەبەرهێنانی هاوبەش لە ناوچە سنورییەکان کرد و وتی: لەم بوارەدا بە تایبەت ئامادەین لە کەرتی کشتووکاڵ و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان هاوکاری بکەین.
پێشەوا ئەحمەد مەحمود ڕایگەیاند کە دەتوانین بەستێنی ئامادەبوونی ئێرانییەکان لە کەرتی کشتووکاڵی هەڵەبجە دابین بکەین.
ناوبراو داوای بەشداری زیاتری بازرگانە ئێرانییەکانی لە بازاڕی عێراقدا کرد و وتی: بەدەر لە ئاڵوگۆڕی کاڵا، ئامادەی هاوکارین لە گەڵ ئێران لە بواری خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان.
هەوڵی هاوکاری کۆڵبەران دەدرێت
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە لە درێژەدا وتی: خاڵە هاوبەشەکان و ئەو سنورە هاوبەشەی کە لە گەڵ کرماشان هەیە دەبێتە هۆی گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکان و یاسای هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی لە هاتنی وەبەرهێنەران بۆ هەڵەبجە دەکات، بە شێوازێک کە 10 ساڵ لە باجەکان و 5 ساڵ لە باجە گومرۆکییەکان دەبەخشڕێت و دەمانەوێت ئەم ماوەیەش زیاتر بکەین.
ناوبراو بە ئاماژە بە دەفرایەتییەکانی پارێزگای کرماشان لە بواری کشتووکاڵی و هەروەها بوونی 371 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لە نێوان هەر دوو لا وتی: هیوادارین هەندێک لە کێشە و گرفتەکانی نێوان ئەم دوو پارێزگایە لە لایەن حکومەتەکانەوە چارەسەر بکرێت تا لە سەرجەم دەفرایەتییەکان لە پێناو گەشەی پەیوەندییە ئابورییەکان کەڵک وەربگرین.
پێشەوا ئەحمەد مەحمود ئامادەیی هەڵەبجەی بۆ ئاسانکاری لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ کرماشان دەربڕی و وتی: ژمارەیەک لە کۆڵبەران گیانی خۆیان لە دەست داوە و ئەم ڕێکەوتنە ئەگەر هیچ سوودێکی نەبێت دەتوانێت کێشەکانی ئەوان چارەسەر بکات تا بە پێی یاسا مافی خۆیان بە دەست بێنن و ئێمەش شانازی بەمەوە دەکەین.
دامەزراندنی دوو لقی بانکی بۆ ئاڵوگۆڕە داراییەکان، گرنگیدان بە کەرتی کشتووکاڵ و گەشتیاری. بیمە لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، پیشەسازی دەستی و فەرش لەو خاڵانە بوو کە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بەڵێنی هاوکاریی بە بازرگانان و چالاکوانانی ئابوری دا.
4 بەربەستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەڵەبجە و کرماشان کە دەبێت چارەسەر بکرێن
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشانیش لەم کۆبوونەوەدا واژۆکردنی یادداشتی لێک تێگەیشتنی بە دەسپێکی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان لە نێوان هەڵەبجە و کرماشان ناو برد و وتی: دانیشتووانی ئەم دوو پارێزگایە خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە و چاوەڕوان دەکەین کە لە پەیوەندییە ئابورییەکانیش ئەم هاوبەشییە زیاتر بکرێت تا کەڵکی زیاتر لەم پەیوەندییە ئابورییانە وەربگیردرێت.
کەیوان کاشفی وتی: بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی پتەوی بازرگانی لە گەڵ هەڵەبجە پرسی هاتووچۆ لە سنورەکان، گواستنەوە بە هەر شێوازێک، ئاڵوگۆڕە داراییەکان و لایەنی چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان بازرگانان بە چوار خاڵی سەرەکی دادەنرێت کە ئەڵبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ژووری بازرگانییەوە هەبێت چارەسەر دەبێت و ئەوەش کە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە لە لایەن ژووری بازرگانییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
حکومەت ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان چارەسەر دەکات
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا بەڕێوەبەری گشتی پیشەسازی، کانزاکان و بازرگانی پارێزگای کرماشان وتی: زیاتر لە سەدا 50 ی سنوری هاوبەشی کرماشان لە گەڵ عێراق لە گەڵ هەڵەبجەیە و هیوادارین ئەم تایبەتمەندییەی هەر دوو پارێزگا ببێتە سەرچاوەی خێر و ئاوەدانی بۆ هەر دوو لا.
موحسین دارابی وتی: ئەگەرچی کێشەکان دەبێت لە لایەن حکومەتەوە چارەسەر بکرێت بەڵام پتەوبوونی پەیوەندییەکان لە نێوان بازرگانان وا لە حکومەتەکان دەکات ئەو ئاستەنگانە چارەسەر بکات.
نامانەوێت تەنیا بەکارهێنەر بین
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە وتی: ئەگەرچی هەڵەبجە پارێزگایەکی ساوایە بەڵام لە بواری کشتووکاڵی، گەشتیاری و ڕۆشنبیری دەفرایەتییەکی زۆری هەیە.
کاک سەردار داوای لە بەرپرسان کرد گرنگی بە کردنەوەی هەر دوو خاڵی سنوری شۆشمێ و شێخ سڵە بدەن.
لایەنی ئێرانی لە وەڵامی ئەمەدا ڕایگەیاندووە کە سێ بازاڕچەی سنوریی شێخ سڵە، شۆشمێ و سومار بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران وەک خاڵی سنوری فەرمی دەناسرێن و ژێرخان و بودجەی ئەوان وەک سنوری فەرمییە و هیچ کێشەیەک لەو سنورانەدا نییە.
شاندێکی بازرگانی پارێزگای هەڵەبجە ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێک گەیشتە کرماشان و لە گەڵ بەرپرسانی ئیداری و بازرگانی ئەم پارێزگایە کۆبوونەوە و چەند یەکەیەکی وەبەرهێنانیش لەو سەردانەدا بەسەرکرانەوە./.