بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە ئابوری کوێت بە هۆی لێکەوتەکانی کۆرۆنا و بەردەوامی داخرانی فڕۆکەخانەکان بە ڕووی گەشتیاران و هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، زیانی بەردەکەوێت، کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتیاریش لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە ناچاری زیاتر لە سەدا 90 ی فەرمانبەرانی خۆیان لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.
ناسر عەدوانی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوێت ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 65 ی ئەم کۆمپانیانە داخراون و ئەوانی دیکەش بە هۆی بەردەوامی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە، زیانێکی زۆری داراییان بەرکەوتووە.
ناوبراو وتی: پەتای کۆرۆنا لە سەرەتاوە تا ئێستا زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار زیانی بە کەرتی گەشتیاری کوێت گەیاندووە و سەرجەم کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار تووشی کێشە و قەیرانی تایبەت بە خۆیان بوون.
عەدوانی وتی: ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتیاری کوێت چالاکی دەکەن 12 هەزار کەسن کە 10 هەزار کەسیان لە دانیشتووانی وڵاتانی دیکە و تەنیا 2 هەزار کەسیان خەڵکی کوێتن و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 10 هەزار و 800 کەس واتە لە سەدا 90 ی ئەوان بێکار بوون.
حەجاج بوخزور شارەزای کاروباری ئابوری کوێتیش ڕایگەیاندووە کە دەبێت کەڵک لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و موڵەتی گەشتکردن بە کەسانی کوتراو بە ڤاکسێنی کۆرۆنا کەڵک وەربگرین تا کەرتی گەشتیاری دیسانەوە دەست بە جوڵە بکاتەوە./.