بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لە گرنگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەسفەهان گۆڕەپانی نەخشی جیهانە کە چەندین بەشی سرنجڕاکێشی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە. مزگەوتی ئیمام یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی گۆڕەپانی نەخشی جیهانی ئەسفەهانە کە کەوتووەتە بەشی باشوری گۆڕەپانەکەوە.
مزگەوتی ئیمام
مزگەوتی ئیمام کە بە چەندین ناوی دیکەی وەک مزگەوتی گشتی عەباسی، مزگەوتی سوڵتانی و مزگەوتی شا ناسراوە، یەکێک لە مزگەوتەکانی گۆڕەپانی نەخشی جیهانە کە لە سەردەمی سەفەوی بونیاد نراوە. ئەم ئاسەوارە بە بەرهەمێکی گرنگی بیناسازی ئیسلامی لە ئێران هەژمار دەکرێت و بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەسفەهان هەژمار دەکرێت. مزگەوتی ئیمامی ئەسفەهان یەکێک لە ئاسەوارە هەرە گرنگەکانی ئێرانی سەدەی 11 ی کۆچییە و لە بەرواری 15 ی بەفرانباری ساڵی 1310 ی کۆچی بە ژمارە 107 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
مزگەوتی ئیمام لە کوێیە؟
مزگەوتی ئیمام کەوتووەتە بەشی باشوری گۆڕەپانی نەخشی جیهانی ئەسفەهان لە بەشی دەوڵەتخانەی سەفەوییەکان. ئەم بینایە لە نزیک بینا گرنگەکانی دیکەی سەردەمی سەفەوییە وەک عالی قاپو و مزگەوتی شێخ لوتفوڵڵا.
دەروازەی سەرەکی ئەم مزگەوتە لە بەشی باشوری گۆڕەپانەکەدایە و لە گەڕەکەکانی دیکەش بۆ ئاسانکاری خەڵک چەند دەروازەیەکی دیکە کراوەتەوە. لە شەقامی سەعدی و کۆڵانەکانیەوە بە ئاسانی دەتوانن بگەنە ئەم مزگەوتە.
مێژووی مزگەوتی ئیمام
مزگەوتی ئیمام بە گرنگترین مزگەوتی سەردەمی سەفەوییەکان لە شاری ئەسفەهان دادەنرێت و لە ڕووی گەورەیی و ژمارەی بیناکەوە کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی هەیە. درووستکردنی ئەم بینایە لە سەر فەرمانی شا عەباسی یەکەم لە ساڵی 1020 کۆچی مانگی بووە و هەروەها بە بۆنەی چوارەم ساڵی پاشایەتی ناوبراو و ڕازاندنەوەی گۆڕەپانی نەخشی جیهان بووە. لە ساڵی 1025 ی کۆچی مانگی، لە کاتێکدا کە بەشەکانی دیکە هێشتا تەواو نەکرابوون، دەروازە بەناوبانگەکەی ئەم مزگەوتە دانرا.
ئەم مزگەوتە نموونەیەکی هەرە گرنگی هونەری کاشیکاری سەدەی 11 و بە دەسکەوتێکی گرنگی بیناسازی ئیسلامی لە ئێرانی ئەو سەردەمە دادەنرێت. ئەو بەروارانەی کە لە مزگەوتەکەدا تۆمار کراوە وەک ساڵی 1077 ی کۆچی مانگی واتە کۆتا ساڵی پاشایەتی شا عەباسی دووەم و 1078 ی کۆچی واتە یەکەم ساڵی پاشایەتی شا سولێمان و هەروەها ساڵی 1095 ی کۆچی مانگی، پیشان دەدات کە تەواوکردنی کاری مزگەوتەکە لە سەردەمی جێگرەکانی شارە عەباسی یەکەمدا بووە.
لە چەند کتێبێکی گرنگی مێژوویی سەردەمی سەفەوییەکان وەک “عالم آرای عباسی” و “وقایع السنین و الاعوام” لەم مزگەوتە بە ناوی مزگەوتی گشتی عەباسی و مزگەوتی گشتی نوێی عەباسی ناو براوە.
شێوازی بیناسازی مزگەوتی ئیمام
درووستکردنی مزگەوتەکان وەک هێمای ئاوەدانی شارەکان، پێگەیەکی گرنگیان لە ئێرانی پاش ئیسلامدا هەیە. ڕۆڵی مزگەوتە گشتییەکان لە ڕێکخستنی شوێنەکانی دیکەی وەک بازاڕ و … لە لایەکەوە و گرنگیدانی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی بە درووستکردنی مزگەوتەکان لە هەر سەردەمێک، بووەتە هۆی ئەوەی تا بەردەوام مزگەوتەکان وەک هێمایەکی شار جێی گرنگی بن. مزگەوتی گشتی عەباسیش هەر بەم بۆنەوە جێی گرنگی و بایەخە./.