بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق وتی: بۆ هەڵگرتنی ڤێزە لە گەڵ حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کەوتینە دانوستانەوە، لێژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا و بابەتی زۆر لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ کرا، کۆبوونەوەکان گەیشتە یادداشتێکی لێک تێگەیشتن کە ئامادە دەکرێت و بە واژۆکردنی لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیداری عێراقەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان بڵاو دەکرێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئەزموونی هەڵگرتنی ڤێزە لە نێوان هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق وتی: لە سەردەمی سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی پرۆسەیەک بۆ ڤێزە و پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات گیرایە بەر و تێیدا تێچووی وەرگرتنی ڤێزە کرایە خۆڕایی. لە سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ عێراق ڕەزامەندی لە سەر ئەوە درا تا تێچووی سەرجەم جۆرەکانی ڤێزە بە خۆڕایی بێت و ئەمەش خزمەتێکی گەورە بۆ خەڵک بوو، ساڵی پێش ئەوەش زیارەتکاران بە ڤێزەی بێ تێچوو هاتن، ئەڵبەت ئەمانە پەیوەندی بە کاتی پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە هەیە.
باڵیۆزی ئێران وتی: ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران پەسەندی کردووە و ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش ڕەزامەندی دەرببڕێت، دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەسجدی وتی: ئەم بڕیارە نەک تەنیا بۆ کاتی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێنە، بەڵکوو بۆ هەمیشە و گشتییە، چاوەڕێی حکومەتی عێراق دەکەین کە پەسەندی بکات و ڕەزامەندی لە سەر دەرببڕێت./.