بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سەعدون سەیهود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە ئاماژە بە هێرشە تیرۆریستییەکەی داعش لە پارێزگای دیالە کە بووە هۆی کوژرانی 11 ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە بەرپرسیار لەو هێرشەدا ناو برد.
ناوبراو وتی: کاتێک ئێمە باس لە ڕەتکردنەوەی ویلایەتی دووەمی مستەفا کازمی دەکەین هۆکاری زۆری هەیە کە یەکێک لەوانەش دۆخی ئەمنی و بۆ نموونە ئەو هێرشە تیرۆریستییەی پارێزگای دیالەیە کە هیچ کەس بەدەر لە سەرۆک وەزیران بە بەرپرسیاری ئەو پەلامارە تیرۆریستییە نازانین.
سەیهود ڕایگەیاند کە عێراق لە سەردەمی سەرۆکایەتی مستەفا کازمی لە ڕووی ئەمنییەوە ساڵانێک پاشەکشەی کردووە.
ناوبراو وتی کە ڕاگرتنی کاری پەرلەمان بە هۆی سکاڵا لە دادگای فیدراڵییەوە وایکردووە کە پەرلەمان نەتوانێت لێپرسینەوە لە فەرماندە ئەمنییەکان بکات و هەر بۆیە کازمی تەنیا کەسە کە دەسەڵاتی تەواوی بۆ لێپرسینەوە و گۆڕانکاری لە فەرماندە ئەمنییەکاندا هەیە./.