بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی جزیرە شەوی هەینی لە بەرنامەی ” ما خفی اعظم ” (ئەوەی کە شاراوەیە، گەورەترە) چەندین وێنە و بەڵگەی بڵاو کردەوە کە پیشان دەدات هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین، نزار بەنات چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی فەڵەستینیان بەوپەڕی توندووتیژییەوە تیرۆر کردووە.
لە بەرواری 24 ی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو هێزەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین نزار بەنات چالاکوانی فەڵەستینییان دەستبەسەر کرد کە هەندێک زانیاریی لە سەر بەکارهێنانی ڤاکسێنی ماوەبەسەرچووی کۆرۆنا و ڕۆڵی ڕژێمی سعوودیە و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لەو دۆسیەیەدا بڵاو کردبووە.
بنەماڵەی ئەو چالاکوانە فەڵەستینییە ڕایانگەیاندووە کە 14 کەس لە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین هێرشیان کردە سەر نزار و بە توندووتیژی و ئەشکەنجەدانێکی زۆر ئەویان لە گەڵ خۆیان برد.
بە وتەی ئەوان، تەنیا چەند کاتژمێرێک پاش دەستبەسەربوونی، هەواڵی مردنی لە لایەن بەرپرسانی پارێزگای ئەلخەلیل بڵاو کرایەوە و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینیش ڕایگەیاند کە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.
خەڵکی فەڵەستین نازناوی خاشقچی فەڵەستینیان بە نزا بەنات داوە و پێیان وایە کە لە پیلانگێڕییەکی مەحمود عەباس و ڕژێمی سعوودیەدا کوژراوە./.