بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی گلۆباڵ تایمز ڕۆژی یەک شەممە سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری بەرگری چین بۆ تاران لە ڕۆژانی ڕابردوو، ڕایگەیاند کە ئێران و چین دەتوانن پەرە بە هاوکارییەکانیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بدەن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی شانگهای و لە ئاستی دووقۆڵی پتەوتر بکەن.
گلۆباڵ تایمز لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی ڤی فنگ وەزیری بەرگری چین بۆ ئێران، سەردانی باڵاترین بەرپرسی چینە بۆ ئێران لە پاش واژۆکردنی ڕێکەوتنی هاوکاری 25 ساڵەی نێوان هەر دوو وڵات، ئەو ڕێکەوتنەی کە زیاتر لە بواری سیاسی و ئابوری پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و پەکین دەدات.
هۆئا لیمینگ باڵیۆزی پێشووی چین و شارەزا لە بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەم وڵاتە بۆ تاران ڕایگەیاندووە کە هەر دوو وڵات دژی هەژمونی ئەمریکان و ئەمەش باشترین و گرنگترین زمانی هاوبەشی نێوان هەر دوو وڵاتە./.