بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولباری عەتوان لە وتارێکدا ڕایگەیاند: لە هەمان ڕۆژی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا ڕامگەیاند کە ئێران واز لە پلانی ناوەکی خۆی ناهێنێت، سەرکردایەتی ئێران متمانەی بە ئەمریکا نییە و ئەم وڵاتە بە دوژمنی ستراتیژیی خۆی دەزانێت کە دەیەوێت لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستی، ئێران لە هەبوونی پلانی ناوەکی کە بووەتە ڕاستیش، بێبەش بکات تا تەل ئەبیب بتوانێت بە سەر تەواوی ناوچەکەدا زاڵ بێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، هێزی ئەمریکا لە بەرژەوەندی دوو هاوپەیمانەکەی ئێران – واتە ڕووسیا و چین – بەرەو پاشەکشە دەڕوات و گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەری خۆیی لە دەست داوە و ئێران بە سەر ئەو گەمارۆیانەدا زاڵ بووە و لە ئێستادا دەیەوێت ئەو ئەزموونەش بۆ وڵاتانی وەک ڕووسیا بگوازێتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە هەلومەرجی ناوچەکە و جیهان بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئێراندایە و دیارترین نموونەشی شەڕی ئۆکرانیایە کە تا ئێستا نرخی نەوتی بۆ سەروی 115 دۆلار لە هەر بەرمیلێک و ڕێژەی نەوتی ئێرانی بۆ نزیک دوو ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز کردووەتەوە و بەشی زۆریشی هەناردەی چین دەکرێت، بێ ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بتوانن ئاستەنگ بۆ یەک کەشتی ئێرانی بخوڵقێنن.
عەتوان لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی بووەتە بەشێک لە مێژوو و پێگەیەکی لاوازی لە ڕیزی یەکەمایەتییەکانی ئێران لە لایەک و ئەمریکا و وڵاتانی گەورە لە لایەکی دیکەوە هەیە و شیاو نییە کە ئێرانێک کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەڕەشەی لەسەرە، واز لە پلانی ناوەکی خۆی بێنێت، ئەویش لە کاتێکدا کە لە پێگەیەکی بەهێزدایە، لە بەر ئەوەی کە جیهان پێویستی بە نەوت و گازی ئەم وڵاتە هەیە و جیهان لە شەڕی جیهانیش نزیک بووەتەوە./.