بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە پێگەی گرنگی هاووڵاتیان و زانایانی سوننەی وڵات، وتی: ئێوە زانایان و بیرمەندان لە ناوچەکانی خۆتان سەرچاوەی خزمەتێکی زۆرن و ساڵانێکە شێعە و سوننەی ئێران پێکەوەن و ئەم یەکڕیزییە بە شانازییەکی گەورە دادەنرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر ڕێکخستنی دۆخی کۆڵبەران لە ناوچە سنورییەکان کردەوە و وتی: ئەگەر لە ڕابردوودا داهاتی سنورەکان دەدرایە خەڵکی ناوچە سنورییەکان و بازاڕچە سنورییەکان چالاک دەکران ئەم کێشانەی ئێستا بوونیان نەدەبوو و فەرمانم بە وەزیری ناوخۆ کردووە کە سەبارەت بە چالاککردنەوەی بازاڕچە داخراوە سنورییەکان هەنگاوی جیدی بنرێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە گەشەی گرووپە تەکفیرییەکان لە ناوچەکە دا و وتی: دەبێت ئاگاداری پیلانەکانی دوژمن بین بە تایبەت لە ڕێگای ئایدۆلۆژیای سەلەفی و تەکفیرییەوە، شێعەی بەریتانی و سوننەی ئەمریکی یەک پیلانگێڕین و هەر دوو لە دژی یەکڕیزی و یەکگرتنی جیهانی ئیسلامین، بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش یەکڕیزی بابەتێکی ستراتیژییە نەک تەکتیکی./.