ئەکرەم ساڵح لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: بە پێی هەموو لێکدانەوەکان دادگای فیدراڵی لە پاش دوایین هەڵبژاردنی عێراقەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەری سیاسییەوە و ئەمەش وایکردووە کە بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی لایەنێک بێت، هەرچەندە بڕیارەکانی دادگا بڕیاری یاسایین و پابەندبوونی خۆیی تێدایە بەڵام تا ئەو کاتەی دادگا لە چوارچێوەی دەستوور و بە دادپەروەرانە مامەڵە بکات، هەر کاتیش دادگا لە ژێر کاریگەری سیاسی بێت ئەوا بڕیارەکانی جێبەجێ ناکرێت.
ئەو بەرپرسەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی: کێشەی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان تەنیا بە دانوستانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق چارەسەر دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بە ئامادەبوونی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت و گاز لە گەڵ بەغدا، وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە شاندی ڕەوانەی بەغدا کردووە و تا ئێستاش ئامادەی دانوستانە بۆ ئەوەی کە لە سەر پرسی نەوت و گاز لە چوارچێوەی دەستووردا لە گەڵ بەغدا ڕێکەوتن بکرێت.
ئەکرەم ساڵح وتی: ئەگەرچی حکومەتی هەرێم گرێبەستی پەنجا ساڵەی هەناردەی نەوتی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە لە ڕێگای تورکیاوە هەیە بەڵام ئەمە نابێتە بەربەست لە بەردەم هەر ڕێکەوتنێکی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر پرسی نەوت و گاز.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد