بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەبیبوڵڵا سابت ناسراو بە سابت پاساڵ لە کەسانی نزیک دیوانی پاشایەتی و لە سەرمایەدارەکانی ناسراوی سەردەمی دووەمی حکومڕانی پاڵەوی بووە. ناوبراو خاوەن یان پشکداری زیاتر لە 40 کۆمپانیای گەورە بووە و لقی نوێنەرایەتی چەندین کۆمپانیای گەورەی جیهانیی لە بوارەکانی وەک ئۆتۆمبێل و کەرەستەی کارەبایی نێوماڵ هەبووە. هەندێک وەک گەورەترین سەرمایەداری ئێران ناویان بردووە، واتە کەسێک کە خاوەنی لە سەدا 10 ی سەرجەم داراییەکانی ئێران بووە.
سابت پاساڵ لە ساڵی 1355 ی کۆچی هەتاوی لە ئێران کۆچی کرد و چووە دەرەوە و پاش شۆڕشی ئیسلامیش دەست بە سەر موڵک و ماڵەکانیدا گیرا، بە تایبەت خانووە 11 هەزار و 540 مەتری چوارگۆشییەکەی کە بە ناوی کۆشکی ڤێرسای و کۆشکی بەردی ناسراوە و چیرۆکەکەی وەهایە کە ” ئەم کۆشکە بە کۆشکی ڤێرسای لە فەرەنسا بەراورد دەکەن، شێوازی بیناسازیی ئەم خانووە کۆپیکراوی یەکێک لە کۆشکەکانی نزیک ڤێرسای فەرەنسایە و کەلوپەل و ئەشیای بەکارهێنراویشی زۆر بەنرخە، بە شێوازێک کە پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، نرخی ئەم خانووە 15 ملیۆن دۆلار بووە “.
ئەم خانووە مەلەوانگەیەکی گەورەی هەیە و کانیاوێک لە ژێر خانووەکەوە ئاوەکەی دێتە دەرەوە، هۆڵێکی کراوەی شانۆ لە حەوشەی خانووەکەدا درووست کراوە، 2 هەزار مەتری ئەم زەوییە لە دوو نهۆم و ژێرزەوینێکدا کراوە بە خانوو.
دیمەنی سەرەکیی ئەم خانووە لە بەشی باشوری کۆشکی سپی ئەمریکا دەچێت.
کۆشکی سابت پاساڵ هێشتاش هەیە و لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە./.