بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، رێوڕەسمی هەفتەی کولتووریی هەورامان لەسەر مەزارگەی مەلا مستەفای بێسارانی لە شاری سەوڵاوا دەستیپێکرد و سەکۆی شانۆی پارکی میلەتی مەریوان خانەخوێی رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی هەفتەکە بوو.
شاعیری بەنێوبانگی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆ کە بە شێوەزاری هەورامی شیعری نووسیوە و بە باوکی شیعری رۆمانسیی کوردی ناودەبرێت، 320 ساڵە لەو شارە بەخاکسپێردراوە.
چالاکڤانانی ئەدەبی و کولتووریی هەورامان ئەو شوێنەیان بۆ دەستپێکردنی هەفتەی کولتووریی هەورامان هەڵبژارد تاوەکو بڵێن، هیچ شتێک ناتوانێت کولتوور و هونەر و ئەدەب لەنێوببات.
رێوڕەسمەکانی هەفتەی کولتووریی هەورامان 15ی پووشپەڕ دەستیانپێکرد.
دامەزراوەی کولتووریی راویانی هونەری مەریوان رێکخەری بەرنامەکە بوو و رێوڕەسمەکان لە مەریوان، سەوڵاوا، هەورامانی تەخت و گوندەکانی دزڵی و ئاریان بەڕێوەچوون.
لە هەفتەی کولتووریی هەوراماندا، پێشانگەیەکی کتێب بۆ بەرهەمی نووسەرانی هەورامان یان ئەو کتێبانەی لەبارەی هەورامان نووسراون، کرایەوە.
کۆنسێرتی گۆرانیی هەورامی بەڕێوەچوو و بەرهەمی ژمارەیەک سینەماکاری هەورامان نمایش کرا و پێشبڕکێی خۆشنووسیی ئەدەبی بەڕێوەچوو.
هەفتەی کولتووریی هەورامان رۆژی یەکشەممە 19ی پووشپەڕ کۆتاییهات.
سەکۆی شانۆی پارکی میلەتی مەریوان خانەخوێی رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی هەفتەکە بوو.
ریوڕەسمەکە بە دەفژەنی، گۆرانی، هەڵپەڕکێ و بەخشینی رێزلێنان بە ژمارەیەک هونەرمەند و ئەدیبی هەورامان کۆتاییهات.