بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرماندەیی سوپای لوبنان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە یەکەم بەشی هاوکارییە 60 ملیۆن دۆلارییەکەی قەتەری بۆ پێدانی مووچەی دواکەوتووی هێزەکانی وەرگرتووە.
لە بەیاننامەیەکی فەرماندەیی سوپای لوبنان، ستایشی تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر کراوە و هاتووە کە بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەم هاوکارییە بە یەکسانی لە نێوان هێزەکاندا دابەش دەکرێت.
قەتەر لە هاوینی 2021 بە ڕێژەی 70 تەن مادە خۆراکییەکانی بۆ سوپای لوبنان دابین کرد بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە هەواڵی هاوکاریی دارایی ئەم وڵاتە بۆ سوپای لوبنان بڵاو دەبێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا ڕایگەیاندووە کە قەیرانی ئابوری و دارایی لوبنان لە ڕوانگەی بانکی جیهانییەوە بە یەکێک لە خەراپترین قەیرانە داراییەکانی جیان لە پاش ساڵی 1850 وە دادەنرێت.
مووچەی سەربازێکی لوبنانی لە ئێستادا کەمتر لە 100 دۆلارە کە تێچووە سەرەتاییەکانی دابین ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش دەستپێکی قەیرانەکە مووچەی ئەوان نزیکەی 800 دۆلار بووە./.