بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ هانس گرۆندبرگ نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن و شاندی یاوەری لە تاران، وتی: چارەنووسی یەمەن تەنیا لە لایەن خەڵکی ئەم وڵاتەوە دەبێت دیاری بکرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایشی گەلی گەورەی یەمەنە و پێی وایە کە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتەش کاریگەریی لە سەر دۆخی ناوچەکە بە گشتی بە تایبەت کەنداوی فارس دەبێت.
ناوبراو وتی کە بەردەوامی هەلومەرجی ئێستا و مسۆگەربوونی ئاگربەست، بەندە بە هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆی مرۆیی لە یەمەن.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە: ناتوانین لە بەرامبەر چارەنووسی 20 ملیۆن ژن و منداڵ و پیاوی یەمەنی کە لەوپەڕی قەیران و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاوی تەندرووست، خواردن و دەرماندان، بێدەنگ بین.
نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ کاروباری یەمەن لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ستایشی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و وتی کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەرکەکانم هەوڵی مسۆگەربوونی ئاگربەستم لە یەمەن داوە.
هانس گرۆندبرگ وتی کە دەبێت بە هاوکاری و بەشداریی سەرجەم لایەنەکان بەرەو جێگیربوونی ئاگربەستی بەردەوام، هەنگاو بنێین./.