بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی گەلی ئێران بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) کە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئێران و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە هێنا، ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکای تاوانبار بۆ ڕێگری لە بەردەوامی و گەشەی ئەم شۆڕشە پەنای بردە هەموو ڕێگا و پیلانێک.
لەو کاتەدا کە سەدام دارەدەستی ئەمریکییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە بوو، بۆ ئەم مەبەستە لە بەرچاو گیرا. بە پیلانی ڕۆژئاوا و بە پارە و دۆلارە نەوتییەکانی وڵاتانی عەرەبی، سەدامی دیکتاتۆر و خوێنڕێژ شەڕێکی لە دژی گەل و شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەستپێکرد. خوێندنەوەی ئەمریکا و سەدام ئەوە بوو کە لە زووترین کاتدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕوخێت و ئەمریکییەکان جارێکی دیکە بۆ ئێران دەگەڕێنەوە.
لەو کاتەدا دۆخی ئێران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەدام و سوپا تاوانبارەکەی کە بە هەموو جۆرە چەک و پێداویستییەکی سەربازی لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە تەیار کرابوو، لەبار نەبوو. هێشتا ڕێکخستن بۆ سوپای نوێ نەکرابوو، وڵات دۆخی ئابوری باش نەبوو، شۆڕشی گەلی ئێران تازە سەرکەوتنی بە دەست هێنا بوو و هتد. ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لەو ڕێگایەوە هەوڵیان دەدا لە سەرەتاوە ڕێگری لە گەشە و بەردەوامبوونی شۆڕشی ئیسلامی بکەن و بە هێرشەکەی سەدام دەسەڵاتی نوێی ئێران بڕوخێنن.
بەڵام بە دەستپێکردنی شەڕ، ورەی بەرزی ئێرانییەکان و پشت بەستن بە ئیمان و بڕوا بە خودای گەورە و ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) وایکرد کە سەرجەم هاوکێشەکان بۆ سەدام و وڵاتانی ڕۆژئاوا پێچەوانە کرایەوە. لە ئاکامدا و سەرەڕای درێژخایەنیی ئەو شەڕە، بە بێ هیچ دەسکەوتێک بۆ دوژمنان و بە بێ ئەوەی کە تەنانەت یەک بست خاکی پاکی ئێران لە ژێر داگیرکاریی ئەواندا بێت، سەرکەوتووانە بۆ گەلی ئێران و سەرەڕای شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زرۆ لە خەڵک و ڕۆڵە ئازا و لێهاتووەکانی ئەم نیشتمانە، کۆتایی هات.
سەدام و ڕژێمە دیکتاتۆرەکەی کەوتنە زبڵدانی مێژوو و کۆماری ئیسلامی و نیشتمانی پاکی ئێران گەیشتنە ئاوەدانی و پێشکەوتن و ئەمڕۆ بە شانازییەوە ئێرانی ئیسلامی بووەتە زلهێزێکی ناوچەکە کە حسێب بۆ ملهوڕی و هێز و توانای ئەمریکییەکان ناکات و تا ئێستاش تاکە وڵاتێکە کە ڕاستەوخۆ و بە بێ هیچ ترسێک وەڵامی پیلان و شەڕ و هەڕەشەی ئەمریکییەکانی داوەتەوە.
بێگومان هەشت ساڵ شەڕی سەپێندراو و ڕووداوەکانی پاش ئەوە تا دەگاتە ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، یەک پەیامی گرنگی هەیە و ئەویش ڕاستییەکە کە دەبێت هەمووان لێی ئاگادار بن، وڵاتێک و دەسەڵاتێک کە لەو سەردەمەدا بە پیلانگێڕیی گەورەی شەڕی سەپێندراوی سەدام نەڕووخا و لە پاش ئەوەش بە سەدان پیلانی گەورەتری پووچەڵ کردەوە، ئێستا بەو هەموو هێز و توانایەوە لە بەرامبەر شتی بچووکی وەک ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕش بانگەشەی بۆ دەکەن ناڕووخێت و لە ڕێگای گەشە و پێشکەوتنی خۆی بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئەو ئاسۆیەی بۆی دیاری کراوە./.