بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی سەرکەوتنێکی گەورەی لە دیاریکردنی سنوری دەریایی لە گەڵ ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی مسۆگەر کردووە.
ناوبراو وتی: ئەو سەرکەوتنەی کە لە دەریا، ئاوەکان و کێڵگە غازییەکانی ئێمە مسۆگەر کرا بە ناوی میشل عون سەرۆک کۆماری پێشووی لوبنانەوە تۆمار دەکرێت کە بە هاوکاتی سوپا، گەل، خۆڕاگری و یەکڕیزی نیشتمانی ئەم دەسکەوتە گەورەیە مسۆگەر کرا.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا وتی: ئەم سەرکەوتنە لە مێژووی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی کەم وێنە بووە، لەو ڕووەوە کە وڵاتێکی لاواز لە بەرامبەر دوژمنێک بەو هەموو پاڵپشتییەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنیا لە ڕێگای خۆڕاگری و پشت بەستن بە خەڵکەکەیەوە سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێنا و مافەکانی خۆیی وەرگرتەوە، بۆ یەکەم جار بەهێزەوە هەڕەشە لە دوژمن کرا و بە بێ ئەوەی کە تەنانەت یەک فیشەک بەکار بهێندرێت دەسکەوتەکەمان تۆمار کرد.
نەعیم قاسم وتی: خۆڕاگری و حکومەتی لوبنان لە گەڵ یەکتر دۆسیەی سنوری دەریاییان بە ئاکام گەیاند و ئەمەش دەستپێکی قۆناغێکە تا سەروەت و سامانی لوبنان بە فیڕۆ نەبرێت و بۆ جیلەکانی داهاتوو بمێنێتەوە و دەبێت سندۆقێکی نیشتمانی بۆ ئەم مەبەستە درووست بکرێت.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی کە خۆڕاگری بووەتە بەشی جیانەکراوی ژیانی لوبنان لە ئێستا و داهاتوودا./.