بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2020 نزیکەی 287 هەزار ژن لە جیهاندا گیانیان لە دەست داوە، ئەوەش بە هۆی بوون بە دایک. بەو پێیەش هەر ڕۆژێک 800 دایک و لە هەر دوو خولەکدا دایکێک گیانی لە دەست داوە، ئەو ژمارەیەش لە چاو 20 ساڵ بەر لە ئێستا کەمیکردووە و بارودۆخی دایکان بەرەو باشتربوون ڕۆیشتووە کە دوو دەیە پێش ئێستا 446 هەزار دایک لە ساڵێکدا گیانیان لە دەست داوە.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیدا هاتووە کە لە کاتێکدا کە ژمارەی گیان لە دەستدانی ژنانی دووگیان یان لە کاتی منداڵبووندا کەمیکردووە لە نێوان ساڵانی 2000 تا 2015، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا بە جێگیری ماوەتەوە و تەنانەت لە هەندێک ناوچەش زیادیکردووە.
بە پێی ئامارەکان، لە سەدا 70 ی گیان لە دەستدانەکان لە کیشوەری ئەفریقان، پاشان ئاسیا کە لە سەدا 17 ی گیان لە دەستدانەکان لەم کیشوەرەدان، لە دیارترینی هۆکارەکانیش ئاماژە بە خوێنبەربوونی توند، لەبارچوون و نەخۆشییەکانی وەک ڤایرۆسی ئایدز و مەلاریا دراوە./.