بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرە وتی: ئەوەی کە گرووپە چەکدارەکانی دژبەری ئێران بۆ ئەنجامدانی کردەوەی چەکدارانە بچنە ئێران و پاشان بۆ خاکی عێراق بگەڕێنەوە، کێشەیە، لە بەر ئەوەی کە دەستووری عێراق موڵەتی کردەوەی دوژمنکارانە لە دژی وڵاتانی دراوسێ لە خاکەکەیەوە نادات و دەبێت ئێمەش ئاسایشی سنورەکانمان دابین بکەین و نابێت سنورەکانی ئێمە بۆ دژایەتی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێندرێت و ئەمەش وایکردووە کە ئێران وەک وەڵامێک کەمپە سەربازییەکانی ناو خاکی عێراق بکاتە ئامانج.
سودانی وتی: هێرشی دژ بە هەر وڵاتێک قبووڵکراو نییە و ئێمە موڵەتی بەکارهێنانی خاکمان لە دژی وڵاتانی دراوسێ نادەین، ئەمەش بە پێی دەستوور و ئەرکێکی ئەخلاقییە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە ئەو گرووپانە ساڵانێکە لە عێراقن بەڵام بوونی ئەوان وەک کەسی چەکدار و لە کەمپە سەربازییەکان و بە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بۆ دژایەتی ئێران ناتوانێت بە پێی دەستووری عێراق بێت./.