بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی میدل ئیست ئای لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ناڕەزایەتییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان بەرامبەر بە پرۆژەکەی بنیامین نتانیاهۆ بۆ چاکسازی لە سیستەمی دادوەری بووەتە هۆی ئەوەی تا بەشێکی زۆر لە شارۆچکەنشینەکان هەوڵی هەڵهاتن بدەن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە زۆربەی زایۆنیستە توندڕۆکان لە ئێستادا هەوڵی بەدەستهێنانی پاسپۆرتی دووەم دەدەن تا دەرفەتی مانەوەیان لە وڵاتێکی ڕۆژئاوا پێبدات، تەنانەت لە پاش ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە ڕایگەیاندووە پرۆژەکەی ڕاگرتووە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی میدل ئیست ئایدا هاتووە کە زۆربەی ئەوانەی هەوڵی هەڵهاتن دەدەن نایانەوێت ببنە مانشێتی میدیاکان، بەدەر لەمەش ژمارەیەکی بەرچاوی دیکە بیر لە هەڵهاتن دەکەنەوە کە ئاماژە بەوانیش نەدراوە. بەشێک لە زایۆنیستەکان وا بیر دەکەنەوە کە هەڵهاتن سەرپێچییەکی ئاشکرایە بەڵام بۆ هەندێکی دیکە ئەم بابەتە وەک بڕیارێکی کەسی ماوەتەوە کە شانازی بەوە ناکەن بە ئاشکرا سەبارەت بەوە قسە بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە یەک دەیەی ڕابردوو هەڵهاتن لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لای زایۆنیستەکان وەک خیانەت بوو. میدیا عبرییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە سێزدەیەمین هەفتەی ناڕەزایەتییەکان دژ بە بنیامین نتانیاهۆ، زیاتر لە 175 هەزار زایۆنیست ڕژانە سەر شەقامەکان./.