بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکانی ڕێکخراوی فائۆ ی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پیشان دەدات کە ئێران پلەی سێهەمی وەبەرهێنانی هەنگوینی لە نێو وڵاتانی جیهاندا هەیە و هەروەها بەناوبانگترین بەرهەمی هەنگوینی بە هۆی هەبوونی سرووشت و جۆربەجۆرییەکەی هەیە.
فائۆ ڕایگەیاندووە کە وەبەرهێنانی هەنگوینی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندی جیهانی لە پلەی سێهەمدا بێت. چین و تورکیا لە پلەکانی یەکەم و دووەمی جیهاندان.
ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە وەبەرهێنانی هەنگوینی ئێران لە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 80 هەزار تەن و لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی 77 هەزار تەن بووە.
بەرپرسی پرۆژەی پەرەپێدانی هەنگەوانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی وەبەرهێنانی هەنگوینی ئەم وڵاتە لە ساڵی ڕابردوو 136 هەزار تەن بووە.
تورەج سارمی ڕایگەیاندووە کە فائۆ ئامارێکی جیای بڵاو کردووەتەوە و دەبێت کەڵک لە ئامارەکانی ئێران وەربگرێت کە لەم حاڵەتدا ئێران پلەی دووەمی جیهان بۆ خۆی مسۆگەر دەکات.
هەناردەی هەنگوینی ئێران بۆ 22 وڵاتی جیهان
ئەرسەلان قاسمی سەرۆکی لێژنەی کشتووکاڵی ژووری ” تعاون ” ی ئێران ڕایگەیاندووە کە هەنگوینی ئەم وڵاتە بە بڕی 5 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار هەناردەی 22 وڵات کراوە.
وڵاتانی چین، بەحرەین، کوێت، قەتەر، عۆمان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، کەنەدا، هۆنگ کۆنگ، ئۆسترالیا، ئەندونیزیا، مالیزیا، عێراق و لوبنان لە گرنگترینی ئامانجەکانی هەناردەی هەنگوینی ئێرانین./.