جام کوردی - «سەلام زوبێدی»، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە عێراق بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی ئاسمانیی سوپاکەی، ڕووبەڕووی فشاری بەردەوامی ئەمریکا بووەتەوە؛ دۆخێک کە بە وتەی ناوبراو، توانای وڵاتی لە پاراستنی ئاسمانی خۆیدا سنوردار کردووە و وا دەکات بۆ هاوکاریی سەربازی هەر وابەستەی دەرەکی بمێنێتەوە.

زوبێدی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی «المعلومه» ڕایگەیاند: «عێراق لە دواکەوتنی بەدەستهێنانی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی و توانای پێویست بۆ پاراستنی ئاسمانی خۆی دەناڵێنێت.» ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد که «لایەنی ئەمریکی نایەوێت تواناکانی سەربازیی عێراق بگاتە ئەو ئاستەی کە ڕێگە بەم وڵاتە بدات بێنیات بێت لە هێزە بیانییەکان، بەتایبەت هێزە ئەمریکییەکان.»

ناوبراو ڕاشیگەیاند که تێپەڕاندن و سەرکەوتن بەسەر ئەم کێشەیەدا پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی ڕوون و تیمێکی دانوستانکاری لێوەشاوەیە کە بتوانێت بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات و مافەکانی دابین بکات. هەروەها جەختی لەسەر «پێویستیی یەکڕیزیی هەڵوێست لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردندا کردەوە بۆ دڵنیابوون لە دەرکردنی بڕیاری ستراتیژی کە بەرگریی ئاسمانیی عێراق بەهێزتر بکات و پشتیوانی لە سەربەخۆیی بڕیاری سەربازی بکات.»

زوبێدی باسی لەوەش کرد که «ویلایەتە یەکگرتووەکان نایەوێت عێراق خاوەنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەهێز بێت یان سەرچاوەکانی چەکەکردنی دەرەوەی چوارچێوەی ئەمریکا فرەچەشن بکات.» ناوبراو داوای لە «حکوومەت کرد سەربەخۆیی دەزگای سەربازی بەهێز بکات و بژاردەکانی گرێبەست و پێداویستییەکان فراوانتر بکات بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هێزە چەکدارەکان و مەرجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی دابین بکرێن.»

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد که «عێراق لە یەکلاکردنەوەی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و ڕادارەکاندا خاو خاو دەکات»، بەو پێیەی «ئەم هەنگاوە دەبوایە ساڵانێک پێش ئێستا، لەوانەش لە سەردەمی حکوومەتی پێشوودا بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی بنرایە، بۆ ئەوەی ئەو توانایانە دابین بکات کە ڕێگە بە چاودێریکردنی ئاسمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان دەدەن.»

زوبێدی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە «پاراستنی سەروەریی ئاسمانی پێویستی بە نەخشەیەکی ڕوونی چەکەکردن و هەماهەنگی لەنێوان حکوومەت، پەرلەمان و لایەنە سەربازییە پەیوەندیدارەکان هەیە.» ئەو جەختی کردەوە که «بوونی تواناکانی بەرگریی نیشتمانی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی چەکەکردن بەشە سەرەکییەکانی بەهێزکردنی سەربەخۆیی بڕیاری عێراق و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە لایەنە دەرەکییەکانەوەن.»