بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچێهر حەبیبی لە 53هەمین کۆنفرانسی نیشتمانی جێگرانی پەروەردەیی جیهادی ئەکادیمی لە کرماشان، بە ئاماژە بە بوونی سنوورێکی هاوبەشی 371 کیلۆمەتری لەگەڵ عێراق و پشکی ئەو پارێزگایە لە نزیکەی لە سەدا 40ی هەناردەکردنی ئێران بۆ ئەم وڵاتە، کرماشانی بە خاوەن توانای ئەوەی زانی کە ببێتە ناوەندی مامەڵەی زانستی، تەکنەلۆژی و ئابووری لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی جیهادی ئەکادیمی بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ناوچەییەکان، پێشنیاری جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوبەشی کرد لە بوارەکانی کشتوکاڵی زیرەک، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی سنوور بەزاندن و پەرەپێدانی بازرگانی تەکنەلۆژیا.
بە وتەی ناوبراو، ئەم هاوکارییانە دەتوانن زەمینە بۆ بەرهەمە زانستییەکانی ئێران، خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکان، و زانیارییە ئەندازیارییەکانی ئێران خۆش بکەن بۆ چوونە ناو بازاڕی عێراقەوە.
پارێزگاری کرماشان هەروەها ئاماژەی بە توانا ئەکادیمی و تەکنۆلۆژییەکانی ئەو پارێزگایە کرد لەوانە چالاکییەکانی نزیکەی 100 کۆمپانیای زانست ـ بنەما و نزیکەی 700 کۆمپانیای تەکنەلۆژی و جەختی لە سەر پێویستی گۆڕینی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرهەمی بازرگانی و چارەسەری پراکتیکی کردەوە.
حەبیبی ڕایگەیاند، ئیدارەی پارێزگاکە ئامادەیە پشتگیری لە بەرنامە هاوبەشەکانی جیهادی ئەکادیمی بکات بۆ پەرەپێدانی دیپلۆماسیەتی تەکنەلۆجی لەگەڵ عێراقدا.
پارێزگاری کرماشان هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی تاقیکاری بە ئامانجی تایبەت و کاتی ڕوون و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات بۆ پەرەپێدانی هاوکاری سەرکەوتوو لەسەر ئاستی ناوچەیی.