جام کوردی - ڕۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، کلیمێنس سێمنتەر، داوای لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کرد کە کەڵک لە هەلی وەبەرهێنانی بەردەست لە عێراق وەربگرن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەم دیدارەدا چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کراون؛ لەوانە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشی بواری وەبەرهێنان لە نێوان عێراق و یەکێتیی ئەوروپادا بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی زیاتر، و بەشداریی کۆمپانیا ئەوروپییەکان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدادا.
زەیدی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاریکاریی بانکی لەگەڵ ئەوروپا کردەوە و ئاماژەی بەو ئاسانکاری و هاندەرانە دا کە حکومەت پێشکەشی وەبەرهێنەرانی دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی بوونی دەستی کار و خاونشوێنی گونجاو. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پڕۆژەی «ڕێگەی گەشەپێدان» ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەهێزکردنی پردی ئابووریی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دەبێت.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا پیرۆزبایی پێکهێنانی کابینەی نوێی لە زەیدی کرد و ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کرد لە بواری چاکسازیی ئابووری و پتەوکردنی هاوبەشییەکان، بەتایبەت لە دوای سەردانە سەرکەوتووەکانی سەرۆک وەزیران بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا.