حوسێن ئەلکەڕعاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی خەڵکی، ڕەخنەی توندی لە وەزارەتی نەوتی عێراق گرت بەهۆی پەرەپێنەدانی پیشەسازیی پترۆکیمیایی و لێگرتە نەوتییەکان و ئاماژەی بەوە کرد کە بەهای هەر بەرمیلێک نەوت دوای بەرهەمهێنانی مشتەقات دەکرێت بگاتە هەزار دۆلار.
کەڕعاوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی «المعلومە» ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارێتی لە عێراقدا بێبەشە لە سیاسەتێکی دروست بۆ بەڕێوەبردنی دارایی وڵات، هەروەها وەزارەتی پلاندانان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە هیچ ڕۆڵێکی بەرچاویان لە دانانی پلان بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی عێراقدا نییە.
ناوبراو ئاماژەی بە هەندێک هەنگاوی نالێکدراوە کرد و گوتی: «کێشانی هێڵی بۆری نەوت لە بەسرەوە بەرەو بەندەری عەقەبە لە ئوردن و دامەزراندنی پیشەسازیی پترۆکیمیایی لە دەرەوەی عێراق، هەنگاوی هەڵەن؛ لە کاتێکدا عێراق لە ئێستادا پێویستیی بە سیاسەتێکی ڕوون بۆ بەڕێوەبردنی دارایی و ستراتیژێکی نەوتی هەیە کە بارودۆخی ئابووری باشتر بکات.»
کەڕعاوی لە کۆتاییدا توانای بەڕێوەبردنی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی خستە ژێر پرسیارەوە و جەختی کردەوە: «جێگەی پرسیارێکی گەورەیە کە وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی لێگرتە نەوتییەکان (مشتقات) پشتی بە هاوردەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەستووە. لە کاتێکدا بەهای هەر بەرمیلێک لە پیشەسازیی پترۆکیمیاییدا دەتوانێت لە ۱۰۰۰ دۆلار تێپەڕێت، عێراق ماوەی ۲۳ ساڵە لە بوونی پاڵاوگە و کارگەکانی پترۆکیمیایی بێبەش کراوە.»