جام کوردی - لە دەستپێکی کارەکانی هەشتەمین لوتکەی سەرکردەکانی «کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز» (GECF) لە مۆسکۆ، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆک‌کۆماری ڕووسیا، هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی پەراوێزخستنی وڵاتەکەی لە بازاڕی وزەدا و جەختی لەوە کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ وەلانانی مۆسکۆ، باج و تێچوویەکی زۆر قورس دەخاتە سەر ئەستۆی جیهان بەگشتی و وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی.

پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ئەندام و چاودێر لە کۆڕبەندەکە، ٧٠٪ی کۆی یەدەگی غازی جیهان پێکدەهێنن و دەورێکی چارەنووسساز لە سەقامگیریی ئاسایشی وزەدا دەگێڕن. سەرۆکی ڕووسیا لەسەر پێگەی وڵاتەکەی وتی: «ڕووسیا ئەکتەرێکی سەرەکییە لە بازاڕی وزە؛ ئێمە لە ڕووی یەدەگەوە پلەی یەکەم و لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە دووەم وڵاتی جیهانین، بۆیە کەنارگیرکردنی ڕووسیا مەحاڵە و تەنیا زیانی ئابووریی بۆ ئەوانە دەبێت کە بەدوای ئەم سیاسەتەوەن.»

سەرۆک‌کۆماری ڕووسیا بە ئاماژەدان بە گەمارۆکانی یەکێتیی ئەورووپا و تەقینەوەی هێڵی بۆریی "نۆرد ستریم" کە بە هێرشێکی ڕاستەوخۆی تیرۆریستی ناوزەدی کرد، گوتی: «ئەورووپا بە دەستبەرداربوون لە غازی ڕووسیا، زیانی گەورە بە کۆمەڵگە و کەرتی پیشەسازیی خۆی دەگەیەنێت.» پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە پێشبینی دەکرێت تا نیوەی سەدە، خواستی جیهانی بۆ غاز بگاتە ۵.۵ تریلیۆن مەتری سێجا، ئەمەش وا دەخوازێت کە ڕێگری لە قەیرانەکان بکرێت.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، پوتین پێشنیاری کرد کە لە نێو کۆڕبەندەکەدا میکانیزمی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی قەیراناوی پێکبهێنرێت، هەروەها داوای کرد شەڕ و ئاڵۆزییەکان کۆتاییان پێ بهێنرێت و گەمارۆیە ئابوورییە نادادپەروەرەکان هەڵبگیرێن، چونکە بە وتەی ئەو، سزاکان وەک ئامرازێک بۆ کێبڕکێی نادروست بەکار دەهێنرێن و لە ئەنجامدا کەرتی وزەی جیهان بەرەو ناسەقامگیری و شڵەژان دەبەن.