بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی «واڵستریت جۆرناڵ»، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی بۆ موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەی پێشووتری سوپای پاسدارانی ئێران ناردووە بۆ ئەوەی زەمینە و چوارچێوەی ئەگەریی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵات هەڵبسەنگێنرێت. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەولیای کۆنگرێس کردووە.

هاوکات پێگەی هەواڵیی «ئاکسیۆس»یش بڵاوی کردەوە، ڤانس لە نامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر دانوستاندنێک بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پەلاماری سەربازیی ئەمریکا، پێویستە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش لەخۆ بگرێت. بەگوێرەی سەرچاوە ئەمریکییەکان، پێشنیازی ناردنی نامەکە لەلایەن خودی ڤانسەوە خراوەتەڕوو و ترەمپیش پێشوازیی لێ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ناکۆکییەکان لەسەر «ڕیزبەندیی هەنگاوەکان» بە بەربەستی سەرەکی دادەنرێت؛ بەجۆرێک واشنتن داوای سازشی ئەتۆمی پێشوەختە لە تاران دەکات لە بەرامبەر پێدانی ئاسانکاریی ئابووری، بەڵام ئێران پێداگری لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی بەندەرەکان، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان و ڕێگەدان بە هەناردەی نەوت دەکات پێش هەر هەنگاوێک.

گێڕانەوەی جیاوازی ترەمپ

هاوکات بەگوێرەی «واشنتن پۆست»، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی فەرمانکردن بە جێگرەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ سیاسییەکان لەگەڵ ئێران، بابەتەکەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکەی ڤانس تەنیا بە مەبەستی «هاوکاری و دابینکردنی پێداویستیی پزیشکی» بووە، هەرچەندە پشتڕاستی کردەوە کە پێشوەختە ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی پەیوەندییەکە دەربڕیوە.

ئەم جموجۆڵە نوێیە لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێوەندگیرەکانی قەتەر و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بەردەوامە، بەڵام ناکۆکیی قووڵ لەسەر مەلەفی ئەتۆمی و سزاکان هێشتا وەک لەربەستی سەرەکی لەبەردەم ڕێککەوتندا ماونەتەوە.