بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کێشەگەلێک وەکوو سنووردارکردنی هاوردەکردن، پرسی باجی کارگێڕان، دواکەوتنی پێدانی پشکی بنەماڵە سنوور نشینەکان و نەبوونی ژێرخانی گومرگی، چالاکی ئابووری لەسەر سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، تووشی تەحەدا کردووە.


هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەری خەڵکی هەورامان لە پارلمان و قایمەقامەکانی ناوچەکە، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران، خوازیاری یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دانیشتوانی سنوورەکان و پێدانی بەردەوامی داواکارییەکان و چاکسازی لە ڕێساکانی بازرگانی، بوونەوە.

تەواوکردنی ژێرخانی سنووری شوشمی، دیاریکردنی پێگەی فەرمی سنووری شێخ سڵە و دامەزراندنی بازاڕی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، لە داواکارییەکانی دیکە بوون کە لەم کۆبوونەوەیەدا وروژێنراون.

بەپێی ئامارە ڕاگەیەندراوەکە، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا گومرگی شێخ سڵە زیاتر لە 106 ملیۆن دۆلاری هەناردە کردووە و گومرگی شوشمی نزیکەی 15.5 ملیۆن دۆلاری هەناردە کردووە؛ ئامارێک کە توانای ئابووری ئەم دەروازانە و پێویستی لابردنی بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی سنووری نیشان دەدات.