جام کوردی - لەنێو رووداوە هونەرییەکانی ئاستی عیراقدا، جارێکی دیکە ناوی شاری چەمچەماڵ بە شانازییەوە دەدرەوشێتەوە؛ ئەمجارە لە بواری سینەما و بەرهەمهێنانی فیلمی کورتدا، هونەرمەندانی ئەم شارە توانیویانە بە بەهرە و توانای خۆیان جێ پەنجەیەکی دیار لە فێستیڤاڵی فیلمی «سوپەر ستاری موسڵ» تۆمار بکەن.
لەو فیستیڤاڵەدا، بە بەشداریی کورتەفیلمی «پەنجەرە»، کە نووسین و دەرهێنانی گەنجی بەهرەمەند ئەژێ عەبدوڵڵایە، کە بووەتە هۆی بەدەستهێنانی دوو خەڵاتی گرنگ لە کۆی 13 خەڵاتی فێستیڤاڵەکە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەژێ عەبدوڵڵا تاکە بەشداربووی کورد بووە لە فێستیڤاڵەدا.
یەکەم خەڵات، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بوو، کچە هونەرمەندی چەمچەماڵ، بێریڤان سەربەست، بەدەستی هێناوە؛ خەڵاتی دووەمیش خەڵاتی باشترین دەرهێنەری گەنج بوو، کە بەخشرا بە ئەژێ عەبدوڵڵا، دەرهێنەری کورتەفیلمی «پەنجەرە».
ئەژێ، ئەم گەنجە بەهرەمەندەی چەمچەماڵ، خاوەنی هەشت کورتەفیلمە و دەرهێنانی شەش لەو فیلمانەی ئەنجام داوە. ئەو پێشتر لە فێستیڤاڵەکانی ساڵانی رابردووشدا توانیویەتی بە کورتەفیلمی «ماڵی گەچی»، خەڵاتی باشترین بیرۆکە و سیناریۆ لە فێستیڤاڵی بەسرە بەدەست بهێنێت؛ فیلمێک کە بە ماوەی تەنیا 47 چرکە، توانی پەیامێکی قووڵ و کاریگەر بگەیەنێت.
ئەم سەرکەوتنە خاوەنی تەنیا دوو خەڵاتی هونەریی نییە، بەڵکو نیشانەی توانای گەنجانی چەمچەماڵ و بەهرەی شاردراوەی ئەم شارەیە؛ گەنجانێک کە بە سەرمایەی بیرکردنەوە، خەیاڵ و داهێنان، دەتوانن لە ئاستی عیراق و دواتریش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بدرەوشێنەوە.
کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ بە بۆنەی ئەم دەستکەوتە پڕ لە شانازییە، پیرۆزبایی و دەستخۆشیی خۆی ئاراستەی ئەژێ عەبدوڵڵا و بێریڤان سەربەست و هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی ئەم کارە هونەرییەدا کردووە؛ هەروەها پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری چەمچەماڵ و هەموو گەلی کورد دەکات.
لە کۆتاییدا، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە هونەر و سینەما پێویستیان بە پاڵپشتی و دەستگیرۆیی هەیە. پشتگیریی هونەرمەندان و گەنجانی بەهرەمەند، هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی هونەری کوردی، ناساندنی دۆزی رەوای گەلی کورد بە جیهان و گەیاندنی پەیامی مرۆڤدۆستی، ئاشتی و هاوژیانیی نەتەوەی کورد بۆ هەموو مرۆڤایەتی.