جام کوردی - بە ئامادەبوونی بەڕێزان( د. محسن ئەدیب) بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاری شەشەمین فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، (ئاسۆ بەکر) قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵ، سینەماکاران و میوانانی دەرەو و ناوخۆ و ژمارەیەکی زۆر لەمیوانان، مەراسیمی شەشەمین فێستیڤاڵێ چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا(ئدریس شەوکەت) سەرۆکی فێستیڤاڵ وتاری کۆتایی فێستیڤاڵی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا سوپاسی بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری لە سلێمانی و دەزگای میدیایی کوردساتی کرد کە هاوکار وپاڵپشتی سەرەکی ئەم فێستیڤاڵە بوون و بەیارمەتی وپشتیوانی ئەوان توانرا ئەم فێستیڤاڵە ئەنجام بدرێت.

پاشان (گروپی میوزیکی چەمچەماڵ)، چەند بەرهەمێکی هونەریان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵەکەیان گەشاوەتر کرد.

لە کۆتایدا لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ رونکردنەوی خۆیان سەبارەت بەشێوازی کارەکەیان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد، کە چۆن بە شیوەیەکی بابەتیانە کارەکانی خۆیان ئەنجام داوە، هاوکات چەند پێشنیار و راسپاردەیەکی پێشەکەش بە بەڕێوەبەرانی فێسیڤاڵ کرد بۆ ئەوەی بتوانن لە خولی ئایندە دا سودیان لێوەربگرن و فێستیڤاڵی پێدەوڵەمەندتر بکەن.

لە کۆتایدا لیژنەی دادوەری سەرەڕای راگەیاندنی ناوی براوەکانی فێستیڤاڵ، وەک رێزێک لەو بەرهەمانەی کە جێگەی سەرج و رێزلێنان بوون بڕیاریاندا (٧) بەرهەم ڕێزلێنانی تایبەتی لیژنەی دادوەریان پیببەخشرێت.

براوەکانی فێستیڤاڵ٠٠٠

١-براوەی یەکەمی فیلمی چیرۆک ئامێز

فیلمی ( کۆشکی مێرولەکان)دەرهێنانی (تۆفیق ئەمان)

٢-براوەی دووەمی فیلمی چیرۆک ئامێز

فیلمی( فایلی ژمارە ١) دەر‌هێنانی( سۆنا جەلیل زەنگەنە)

٣- براوەی سێیەمی فیلمی چیرۆک ئامێز

(خەونا بێزمان) لە دەرهێنانی(مەزلوم باران تەکین)

٤-براوەی فیلمی دۆکۆمێنتەری 

(ژیان لە ئەرشیفدا) دەرهێنانی( بورهان ئەحمەدی)

٥-براوەی فیلمی کۆرناڵ

فیلمی(لیمۆ هەموشتی دەزانی) دەرهێنانی (ئیدریس محمودیان)

ئەو بەرهەمانەی کە ڕێزلێنانی تایبەتی لیژنەی دادوەریان پێبەخشرا بریتیبوون لەم بەرهەمانە.

١-فیلمی(پەرژین) دەر‌هێنانی (ساکار عوسمان)

٢-فیلمی(سیتاف) دەر‌هێنانی (دیلان تۆفیق)

٣- فیلمی (بۆنی باروت، دەستور) لە دەرهێنانی (فەرشید عەبدی)

٤- فیلمی( ١٣ی٥ ) دەر‌هێنانی (تاریق تۆفیق)

٥- فیلمی(جەنگ و رەنگ) لە دەر‌هێنانی (عەدنان زەندی)

٦- فیلمی(نیشان) لە دەر‌هێنانی (رێمان رەنج)

٧-فیلمی(چاکبونەوە) لە دەر‌هێنانی (ئیلهام رەحیمی پور)

فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید، فێستیڤاڵێکی تایبەتە بە و فیلمانەی لەسەر تاوانەکانی جینۆساید بەرھەمھاتوون، ساڵانە لە لایەن بەڕێوەبەرێتی رۆشنبیری و ھونەری چەمچەماڵەوە ئەنجام دەدرێت، تا ئێستا پێنج خولی ئەنجامدراوە، ئێوارەی ئەمڕۆ خولی شەشەمی ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداری (٤٣) فیلم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، کۆتایی بەکارەکان هێنا.