جام کوردی - بەڕێوەبەرایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە (١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، ڕەزامەندیی فەرماندەی گشتی لەسەر سپاردنی ئەرکی پاراستنی قەزای جورفولسەخر  لە باکووری بابل بە هێزێکی هاوبەشی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزە دەربڕى، لەگەڵ کردنەوەی ڕێگەی مەسەیب - بەهبەهانی - یەکتربڕی فازلییە - عامرییەی فلوجە.

ئەم بڕیارە بە ئامانجی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و بەهێزکردن و جێگیرکردنی هێز لە ناوچەکەدا دراوە. جورفولسەخر  بەهۆی پێگەی جوگرافی و ئەمنیی خۆیەوە، یەکێکە لە ناوچە هەستیارەکانی عێراق و لە ساڵانی ڕابردووشدا شاهیدی ئۆپەراسیۆنی فراوان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان.

هەروەها لە بەشێکی تری ئەم بڕیارەدا، ڕەزامەندی درا لەسەر کردنەوەی ڕێگەی هاتوچۆی مەسەیب - بەهبەهانی - یەکتربڕی فازلییە - عامرییەی فلوجە. ئەم ڕێگەیە یەکێکە لە ڕێگە گرنگەکانی هاتوچۆ لە نێوان باکووری بابل و بەشێک لە پارێزگای ئەنباردا و کردنەوەی یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و گواستنەوەی کەلوپەل.

لەسەر بنەمای ئەم پلانە، هێزەکانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزە بە شێوەیەکی هاوبەش بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئەمنی، کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆ و پاراستنی دامەزراوە و ڕێگە گرنگەکانی ناوچەکە لە ئەستۆ دەگرن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقدایە بۆ ڕێکخستنەوەی بڵاوەپێکردنی هێزەکان و ڕێگریکردن لە هەر بۆشاییەکی ئەمنی لە ناوچە هەستیارەکاندا.