جام کوردی - سەردانی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا، لە کاتێکدا کە ناکۆکییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامن، جارێکی دیکە گرنگیی ستراتیژیی ئێران و توانای کاریگەریی تاران لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی خستووەتە بەردەم سەرنج.
دیداری فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردەکانی ڕەوتە شیعەکان، لە کاتێکدا کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی زیاتر دەکەن، دەرخەری ئەوەیە کە ئێران هێشتا تۆڕێکی فراوانی پەیوەندیی سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا هەیە.
گرنگیی ئەم سەردانە تەنها بە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانێکی ناوخۆیی سنووردار نییە؛ بەڵکو دەتوانرێت وەک نیشانەی توانای ئێران بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ هەستیارەکانی ناوچەکە سەیر بکرێت؛ توانایەک کە ئەگەر بە ڕێککەوتن بگات، دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و بەهێزکردنی جێگیری بدات.
لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هێزی وڵاتان تەنها بە توانای سەربازییەوە ناپێورێت؛ بەڵکو توانایی گفتوگۆکردن، دروستکردنی ڕێککەوتن و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانیش لە پێکهاتە گرنگەکانی هێزی ناوچەیین. ئێران بە پشتبەستن بە شوێنی جوگرافی، پەیوەندییە مێژووییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکانی، توانای ئەوەی هەیە ڕۆڵێکی لەم جۆرە بگێڕێت.
داهاتووی شوێن و پێگەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تا ڕادەیەکی زۆر بەوەوە بەستراوە کە چۆن بتوانێت نفووزی ناوچەیی بگۆڕێت بۆ دەستکەوتی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی بەردەوام.
سەردانی قائانی بۆ بەغدا دەتوانرێت وەک تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ ئەم توانایە سەیر بکرێت؛ تاقیکردنەوەیەک کە ئەنجامەکەی نە بە ئەنجامدانی دیدارەکان، بەڵکو بە ڕادەی سەرکەوتنی گفتوگۆکان، ڕێگریکردن لە پێکدادان و ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق دیاری دەکرێت.