جام کوردی - ئیبراهیم حەسەن، ئەندامی بزووتنەوەی ئاشتیانە، داوای کرد بەدواداچوون و چاودێری بۆ ئەو ناوچانە بکرێت کە بە «خاڵە خۆڵەمێشییەکان» لە نەخشەی عێراقدا ناوی بردن؛ مەبەست لەو ناوچانەش ئەو شوێنەی پرۆسەکانی قاچاخی نەوتی خاو لە ڕۆژئاوا و باکووری وڵات تێیدا ئەنجام دەدرێن. ناوبراو هۆشداری دا کە ئەو پرۆسە قاچاخانە مانگانە لانیکەم ٣٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەدوای خۆیدا دەهێنن.
ئیبراهیم حەسەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی «المعلومة» ڕوونی کردەوە کە، «پرۆسەکانی قاچاخی نەوتی خاو بە ڕێگەی فێلبازانە سنووردار نییە بە جوگرافیایەکی دیاریکراو، بەڵکو چەندین خاڵی خۆڵەمێشی هەن – بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاماژە بە بونی پرۆسەی قاچاخ دەدەن – بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری وڵات.»
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە «ئەو پرۆسەی قاچاخەی لە باکووری وڵات بەڕێوەدەچێت، بەپێی ڕاپۆرتەکان دەبێتە هۆی زیانێکی دارایی کە مانگانە بە لانیکەم ٣٠٠ ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە، و ڕەنگە بڕی پارەکە لەوەش زیاتربێت.» هەروەها جەختیکردەوە کە «مافیای کوردیی نفووزدار هەن کە سەرقاڵی قاچاخی نەوتن، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان.»
حەسەن جەختی لەسەر «پێویستیی هەڵمەتێکی توندی حکومی بەرامبەر بە خاڵە خۆڵەمێشییەکان و کردنەوەی سەرجەم دۆسیەکان» کردەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە «قاچاخی نەوت دەستدرێژییە بۆ سەر دەستوور و بەفیڕۆدانی سامانەکانی وڵاتە.»