بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕژێمی زایۆنیستی بە شێوەیەکی ڕێکخراو، هێرش دەکاتە سەر ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون و ڕێگری دەکات لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و بەمەش قەیرانی مرۆیی لەم ناوچەیە زیاتر دەبێت.

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە لێدوانی دوو بەرپرسی ئەمریکی و یەک بەرپرسی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: " ستیڤ ڤیتکاف، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکیان بۆ زیادکردنی بەرچاوی ڕۆڵی ئەمریکا لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، تاوتوێ کرد، پلانەکەش ئەوەیە کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەڕێوەبردنی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.

 

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە بڕیار دراوە ئیدارەی ترەمپ بەڕێوەبردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە لە ئەستۆ بگرێت، چونکە ئیسرائیل بە باشی بەڕێوەی نابات.

ئەو بەرپرسە بە وردی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ڕۆڵی ئەمریکا چی لەخۆدەگرێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی کەنداوی فارس وەک قەتەر بودجە دابین دەکەن و پێدەچێت ئەردەن و میسریش بەشداری بکەن. تا ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو ڕاپۆرتە نەداوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە زیادی کرد: ترەمپ بە بیرۆکەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ئەمریکا دڵخۆش نییە، بەڵام دەبێت ئەوە ڕووبدات، چونکە پێدەچێت هیچ ڕێگەیەکی دیکە نەبێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کە بێگومان بە هاوبەشی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن، وتی: دۆناڵد ترەمپ ئەم دۆخەی بەدڵ نییە، ئەو نایەوێت منداڵان برسییان بێت، دەیەوێت دایکان بتوانن شیر بە منداڵەکانیان بدەن، سەرنجی لە سەر ئەم بابەتەیە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکا بە ئەکسیۆسی وتووە " حکومەتی ئەمریکا وریا دەبێت بۆ ئەوەی زۆر لە قەیرانی غەززە تێوەنەگلێت "، دەشڵێت: " سەرۆک ترەمپ نایەوێت ئەمریکا وەک تاکە وڵاتێک ببینێت کە پارە بۆ ئەم کێشەیە خەرج دەکات. ئەمە کێشەیەکی جیهانییە و ئەرکی بە ڤیتکاف و ئەوانی دیکەی سپێردراوە کە دڵنیابن لەوەی هەمووان بە هاوڕێ ئەورووپییەکانمان و دۆستە عەرەبەکانمانەوە هەنگاو بنێن ".

بە وتەی کاربەدەستانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، تەلئەبیب پشتیوانی لە زیادبوونی ڕۆڵی ئەمریکا لەم ڕووەوە دەکات.

ئەو بەرپرسە زایۆنیستە دەڵێت: بڕیارە پارەیەکی زۆر خەرج بکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بن بۆ باشترکردنی دۆخی مرۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ئەوەی ئەمە کەمتر ببێتە کێشە./.