جام کوردی - میدیاکانی ڕژێمی زایۆنی دانیاننا بە گۆشەگیری نێودەوڵەتی ئەو ڕژێمە پاش دوو ساڵ شەڕ لە کەرتی غەززە و ڕایانگەیاند هیچ متمانەیەکیان بە سەرکردەکانی تەلئەڤیڤ نیە.
ڕۆژنامەی زایۆنی مەعاریڤ لە وتارێکدا لە نووسینی ئاوی ئەشکەنازی شرۆڤەکاری باڵای ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بەوە کرد کە حەماس تاڕادەیەکی زۆر لە هەندێک لەو کارانەی کە ئەنجامی داوە، سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە، ئەمڕۆ لە سەرجەم شەقامەکانی ئەورووپا لە سەرووی دەرگای دووکانەکان ئاڵای فەلەستین دەشەکێتەوە یان درووشمی «ئازادی بۆ فەلەستین » دەوترێتەوە.
ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها وتیشی کە لەهەر گۆڕەپانێک لە ئیتالیا، ئیسپانیا، ئینگلیز، ئەڵمانیا و یۆنان لایەنگرانی حەماس ڕێپێوانیان کردووە.
هەروەها گیدئون لویـش لە ڕۆژنامەی هائارتس نووسی کە غەززە و تەنانەت حەماس لە حاڵێکدا کۆتایی بەم شەڕە دەهێنن کە هێشتا خۆڕاگری دەکەن. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان ماندوو و بریندار و هەژارن بەڵام لەسەر پێی خۆیان وەستاون.
ئەو وتارە لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت: غەززە بووە هێرۆشیما بەڵام هێشتا هیوای تێدا زیندووە. کێشەی فەلەستین بەتەواوەتی لە بەرنامەی کاری نێودەوڵەتی نەمابوو، ئەگەر سازش لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی بەدی دەهات، فەلەستینیەکان دەبوونە سوور پێستەکانی ئەو ناوچەیە، بەڵام شەڕی غەززە ئەوانی خستەوە سەرووی بەرنامەی کاری جیهانی.
ئەو نووسەری زایۆنیە وتیشی کە هەموو جیهان، فەلەستینیەکانیان خۆش دەوێت و نیگەرانن بۆیان.
ڕان ئدیلیست ڕۆژنامەوانێکی دیکەی زایۆنی بە ڕەخنەگرتن لە درۆکانی بەرپرسانی ئیسرائیل نووسی: من متمانەم بە حەماس هەیە، بەڵام متمانەم بە نەتانیاهۆ و ترەمپ نیە. ئێستاش ئەوە حەماسە کە ڕێگاکە دیاری دەکات و یاسا و ڕێسا بۆ یارییەکە دادەنێت.