جام کوردی - وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئاسایشی بەندەرەکانی ئەوان پارێزراو نەبێت، هیچ بەندەرێک لە کەنداو و دەریای عومان ئارامی بەخۆوە نابینێت.

 ئیبراهیم زولفەقاری، ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرگری لە سەروەریی ئاوە هەرێمییەکانیان دەکەن و ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکانی "دوژمن" لە گەرووی هورمز دەکەن.

زولفەقاری ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها ئەو کەشتییانەی پابەندی ڕێکارەکانی ئێران دەبن دەتوانن تێپەڕن.

 ​ئەم پەیامەی ئێران لە وەڵامی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت کە ڕایگەیاندبوو هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆی گەرووی هورمز دەدات.

 زولفەقاری ئەو هەنگاوەی واشنتۆنی بە "چەتەی دەریایی" ناوبرد و ڕایگەیاند دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە جێبەجێ دەکەن.