مەهدی محەمەدی ڕەخنەی توندی لە هەنگاوەکانی دۆناڵد ترەمپ گرتووە و دەڵێت درێژکردنەوەی ئاگربەست هیچ سوودێکی نییە، چونکە “لایەنی دۆڕاو مافی ئەوەی نییە مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت”. لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوامیی گەمارۆکان هاوشێوەی بۆردوومانە و ئەو هەنگاوە تەنیا بۆ کات کوشتنە بە مەبەستی هێرشێکی لەناکاو، بۆیە داوای لە ئێران کردووە دەسپێشخەری بکات.
ئەم وتانە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە، لەسەر داوای پاکستان ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژکراوەتەوە تا ئەو کاتەی تاران “پێشنیازێکی یەکگرتوو” پێشکەش دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا گەمارۆ دەریاییەکان بەردەوامن.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هەڕەشەی کردبوو ئەگەر ڕێککەوتنێکی خێرا نەیەتە ئاراوە، هێرشەکان دەستپێدەکاتەوە.
لە هەمان کاتدا ناڕوونییەک زۆر بەسەر گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئیسڵام ئاباد دەبینرێت، بە تایبەتی دوای دواخستنی سەردانی جەی دی ڤانس بۆ پاکستان، کاتێک ئێران هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ بەشداریکردن لەو گفتوگۆیانە نەدراوە.